وەزارەتی بەرگریی عیراق راگەیەندراوێكی جیاواز لەبارەی پەلاماردانی داقوق بڵاودەكاتەوە

25/08/2019 عێراق

نەوا
وەزارەتی بەرگریی عیراق راگەیەندراوێكی جیاواز لەبارەی پەلامارەكەی سەر قەزای داقوق بڵاودەكاتەوە و رایگەیاندوە، 15 هاووڵاتی مەدەنی كوژراون و برینداربون.
لەوبارەیەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگریی عیراقدا رونیكردوەتەوە، "ئێوارەی دوێنێ‌ شەممە، چەكدارانی داعش تاوانێكی دیكەیان ئەنجامدا كاتێك بە چەكی قورس و مامناوەند هێرشیانكردەسەر یاریگایەكی نزیك مەزارگەی ئیمام زەین ئەلعابدین لە قەزای داقوقی باشوری پارێزگای كەركوك".
بەپێی راگەیەندراوەكە لە ئاكامی پەلامارەكەدا، شەش هاووڵاتی مەدەنی كوژراون و 9ی دیكەش برینداربون.
پێشتریش ئەحمەد لەتیف بەرپرسی راگەیاندنی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە بۆ رادیۆ نەوا وتی "شەوی رابردوو بارەگای حەشدی شەعبی لە داقوق كراوەتە ئامانج و كاتێك ئەندامانی بارەگاكە سەرقاڵی یاری بوون لە یاریگایەكدا، گوللەهاوەنیان ئاراستە كراوە".
دەربارەی ژمارەی كوژراو بریندارەكانیش، بەرپرسی راگەیاندنی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە وتی "7 چەكداری حەشدی شەعبی كوژراون و 15ی دیكەشیان بریندارن" . 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group