نەیمار ئیتر هیچ حسابێك بۆ هاندەرانی پاریس سان جێرمان ناكات

14/09/2019 وەرزش

نەوا
نەیمار دا سیلڤای بەرازیلی لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ریزی پاریس سان جێرمان، گۆڵێكی نایاب پێشكەش بە تیمەكەی و هاندەران دەكات و سەركەوتنیش هەر لە رێی ئەوەوە دەنوسرێتەوە.
ئێوارەی شەممە پاریس سان جێرمان لە نێو یاریگای خۆیدا میوانداری ستراسبۆرگی كرد و هەفتەیەكی قورسی خولی پلە یەكی فەرەنسی بەڕێكرد، چونكە تا خولەكی 91ی یارییەكە هەردوولا بەبێ گۆڵ یەكسان بون تا خولەكێك پاشتر نەیمار لەگەڵ یەكەم دەركەوتنی ئەم وەرزەی لەگەڵ یانەكەی توانی بە لێدانی دەبڵێكی جوان تاكە گۆڵی سەركەوتن تۆماربكات و سێ خاڵی بۆ تیمەكەی بەدەستهێنا.
لە پاش یارییەكە، نەیمار بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن وتی "هیچ پەیامێكم بۆ هاندەران نییە، لە زەحمەتی دۆخەكە تێدەگەم".
وتیشی "ئەگەر هاندەرانی سان جێرمان بیانەوێت سوكایەتیم پێبكەن و فیكە لە دژم لێبدەن، ئەوا ئازادن و سەربەستن، هیچ تەركیزێكم لایان نییە، گرنگ بەلای منەوە بەرژەوەندی تیمە فەرەنسییەكەیە".
هەروەها جەختیكردەوە، كە لەئێستا بەدواوە هەموو یارییەك بەو جۆرە دەكات، وەك ئەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بێت.
ئەمڕۆ یەكەم دەركەوتنی هێرشبەرە فەرەنسییەكە بوو لەگەڵ پاریس سان جێرمان، كە ئەم هاوینە هەوڵی زۆری دا بگەڕێتەوە بۆ بەرشەلۆنە، بەڵام هەموو هەوڵەكان شكستیان هێنا. بەهۆی ئەو هەڵوێستەشیەوە هاندەرانی یانە پاریسییەكە هەر لە سەرەتاوە تا كۆتایی یارییەكە جنێو و سوكایەتی زۆریان پێكرد.

بەپێی داتاكانی تۆڕی "ئۆپتا" بۆ سەرژمێری، نەیمار لە 38 یاریی لیگا وەنی فەرەنسیدا توانیویەتی 35 گۆڵ بۆ پاریس سان جێرمان تۆمار بكات.
هەروەها لە 26 یاریدا، كە نەیمار ئامادەبوە و گۆڵی تۆماركردوە، یانە پاریسییەكە هیچ روبەڕوبونەوەیەكی نەدۆڕاندوە، بەجۆرێك 23 یاری بردوەتەوە و لە سێ یاریشدا یەكسان بون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group