سەرۆكی لیژنەی دارایی: پرۆژە یاسای چاكسازی گۆڕانكاری تێدا كراوە

14/12/2019

نەوا-كاروان مەحمود 
سەبارەت بە نیگەرانییەكان لەبارەی پرۆژە یاسای چاكسازی و مەترسییەكانی رێكخستنەوەی دەرماڵەكان سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان رونكردنەوە دەدات و دەشڵێت: "هیچ مەترسییەك لەسەر دەرماڵەی فەرمانبەران نییەو پێشتر لە ئەنجومەنی وەزیران دیاریكراوە".
زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، پرۆژە یاسای چاكسازی لەموچە و خانەنشینی و دەرماڵەكان كە رەوانەی پەرلەمانی كوردستانكراوە پرۆژە یاساكەی پێشتر نییەو بەپێی دۆخی دارایی و سیاسیەكان گۆڕانكاری تێدا كراوەو هیچ مەترسییەكیش لەسەر دەرماڵەی فەرمانبەران نییە لەو پرۆژە یاسایەدا.
باسی لەوەشكرد، پرۆژەكە لە كۆبوونەوەی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و ئەگەر پێویستی بەگۆڕانكاری هەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە گۆڕانكارییەكە دەكرێت و ناگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان هەر بڕگەیەكیش لە زیانی هاووڵاتیان بێت بێگومان لە پەرلەمان دەنگی پێنادرێت.
زیاد جەبار وتیشی: "ئێمە پێشتر كۆبوونەوەمان لەگەڵ حكومەت كردووەو داوامانكردووە پرۆژە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بێت و ئەوەشی وتراوە لەبارەی رێكخستنەوەی دەرماڵەكان لە پرۆژە یاساكە بەوجۆرەیە كە پێشتر بەرێنمایی حكومەت دەرماڵەكان بۆ فەرمانبەران دانراون و هیچ دەرماڵەیەكی نایاسایی نییە خۆ ئەگەر لە شوێنێكیش نا یەكسانی هەبێت باشترە رێكبخرێتەوە".
سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان هێمای بەوەشكرد، رۆژی دووشەممە پرۆژە یاساكە لەپەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت و دواتر دەدرێتە لیژنەكان و لەدانیشتنی داهاتوو گفتوگۆی زیاتری لەسەر دەكرێت و راپۆرتی لەسەر ئامادە دەكرێت و دواتر دەخرێتە دەنگدانەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group