گۆڕان: پێویستە هەرێمی كوردستان لەهەر بارگرژی و توندوتیژیەك بەدوربگیرێت

11/01/2020

نەوا
بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە رووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەكە رایگەیاند: پێویستە هەرێمی كوردستان لەهەر بارگرژی و توندوتیژیەك بەدوربگیرێت و رۆڵی ئیجبایانە ببینێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و كۆتایی هێنان بەم قۆناغی بارگرژیە وێرانكاریەی ئێستا.
لە راگەیەنراوێكدا كە بە ناوی هەوڵێستی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر رووداوەكانی عێراق بڵاوكراوەتەوە، تێدا ئەوەش هاتووە، كە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا دەبێت لە چوارچێوەی دامەزراوە شەرعیەكانیدا كار لەسەر گەڵاڵەكردنی هەڵوێستی یەكگرتوی هەرێم لەو پرسانەدا بكاتەوە. رۆڵی پەرلەمانی كوردستان پێویستە سەرەكی و یەكلاكەرەوەبێت لەو پرۆسەیەدا.
راشیگەیاندووە، "بەرەی یەكگرتوی ناوخۆ تەنها بە قوڵكردنەوەی گیانی هاوڵاتیبون و رەخساندنی دەرفەتی بەشداری سەرجەم هاوڵاتیان و نوێنەرە سیاسیەكانیان لە پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان دەبێت".
هەر لەو راگەیەنراوەدا بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاندووە،  " لە پەرلەمانی عێراقدا، ئەوە چەند جارێكە بێ ویستی پێكهاتەكانی تر و تەنانەت بێ گوێدان بە ناڕەزایەتی و سەرنجەكانیان، تەنها ویستی پێكهاتەیەك دەسەپێندرێت، كە ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ ئەم قۆناغە تازەیەی عێراق".
لەو رووەشەوە گۆڕان گەیاندنی ناڕەزایەتیەكانی هەرێم بە بەغدا و داواكردنی گەڕانەوە بۆ شەراكەتی راستەقینەی دور لە تاكڕەوی و خۆسەپاندن، مامەڵەكردنێكی دەستوریانەو لە چوارچێوەی گیانی پێكەوە ژیان لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكاندا بە پێویست دەزانێت.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group