سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان: تا هیلاك ده‌بین گفتوگۆی پرۆژه‌یاسای چاكسازی ده‌كه‌ین

13/01/2020

نه‌وا-سه‌عید عه‌بدوڵڵا-هه‌ولێر
ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی كوردستان درێژه‌ به‌ گفتوگۆكانی له‌باره‌ی پرۆژه‌یاسای چاكسازی ده‌دات، رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت "تا هیلاك ده‌بین گفتوگۆكانمان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای چاكسازی به‌رده‌وام ده‌بێت".
دره‌نگانی شه‌وی رابردو رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌لێدوانێكدا به‌ رۆژنامه‌نوسانی وت "ئێمه‌ گفتوگۆكانمان ده‌ستپێكردوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ بڕگه‌ و خاڵ و وشه‌كانیشمان له‌ پرۆژه‌یاسای چاكسازیدا شیكردۆته‌وه‌، دانیشتنه‌كه‌ش بۆ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ هه‌ڵگیراوه‌، تا هیلاك ده‌بین گفتوگۆ ده‌كه‌ین".
سه‌رۆكی په‌رله‌مان رونیشیكرده‌وه‌، هه‌موو بڕگه‌ و ماده‌كان و وشه‌ و رسته‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌كرێت و وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش ئاماده‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بن. 
دوێنێ 12-1-2020 په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنی پاشنیوه‌ڕۆی ژماره‌ 13ی خۆی تایبه‌تكرد به‌ گفتوگۆی پرۆژه‌یاسای چاكسازی و راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌ی دارایی و یاسایی كرده‌ بنه‌مای گفتوگۆی نێوان ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان. بڕیاریشه‌ كاتژمێر 10 و 30 خوله‌كی به‌یانی ئه‌مڕۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساكه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌، كه‌ دوێنێ شه‌و تا ماده‌ی چواره‌م خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ كراوه‌.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group