فراكسیۆنی كۆمەڵ بە مەرج دەنگ بە پرۆژەیاسای چاكسازی دەدات

16/01/2020

نەوا
فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی بە دوو مەرج دەنگ بە پرۆژەیاسای چاكسازی دەدات، ئەوانیش كەمترین مووچەی خانەنشینی 400 هەزار دینار بێت و هەروەها بەچەند هەنگاوێك پاشەكەوتی مووچە بگەڕێنرێتەوە بۆ فەرمانبەران.
لەو بارەیەوە هەورامان گەچێنەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵ، لە فەیسبووكەوە ئاشكرایكردووە "ئێمە وەك فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، بە دوو مەرج دەنگ  بە پڕۆژەیاسای چاكسازی دەدەین".
لە بارەی مەرجەكانیانەوە، پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی كۆمەڵ نوسیویەتی، یەكەم، پێویستە كەمترینی مووچەی خانەنشینی بە 400 هەزار دینار دیاریبكرێت، دووەمیش، پاشەكەوتی مووچە بۆ هەر فەرمانبەرێك بخرێتە ژمارە حسابییەكی بانكییەوە و خاوەنەكەی بتوانێت بە چوار قۆناغ لێی سودمەندبێت.
گەچێنەیی رای فراكسیۆنی كۆمەڵی ئاشكراكردووە بۆ شێوازی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی موچە، بەم شێوەیە، یەكەم، قەرزەكانی حكومەت كە لەلای مووچەخۆرە، وەك پارەی ئاو و كارەبا، بەناوكردنی خانو و ئۆتۆمبێل و هەر كارێكی دیكە، لەو ژمارە حسابییە بدرێتەوە كە بۆ فەرمانبەران دەكرێتەوە، ئەو پاشەكەوتەشی دەمێنێتەوە، هەر هەشت مانگ جارێك فەرمانبەر 33٪ی پاشەكەوتەكە بە كاش وەربگرێت، بەوەش تا دوو ساڵی دیكە تەواوی پاشەكەوتەكە دەدرێتەوە بە فەرمانبەران.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group