بەشیر حەداد: نوسراوەكەی سەرۆكی لیژنەی نەزاهە بۆ راگرتنی موچەی هەرێم بۆچونی شەخسییە

16/01/2020 عێراق

نەوا
بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، نوسراوەكەی سەرۆكی لیژنەی نەزاهە لەبارەی راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بۆچونی  شەخسییە و ناتوانرێت بەئاسانی جێبەجێ بكرێت، چونكە تائێستا رێككەوتنی هەرێم و بەغدا جێبەجێ دەكرێت.
سەبارەت بە نوسراوەكەی سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق و داواكاری بۆ راگرتنی موچەو شایستە داراییەكانی هەرێم، بەشیر حەداد لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: ئەو داواكاریە ناتوانرێت بەئاسانی جێبەجێ بكرێت، چونكە رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە و تائێستاش كاری پێدەكرێت، بەوپێیەش موچەی فەرمانبەران دەنێردرێت.
وتیشی "خۆپیشاندانەكان و دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران بوەهۆی وەستانی كۆبونەوەكانی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا تایبەت بە پشكی كورد لە بودجە، بەغدا بەردەوام دەبێت لەناردنی موچەی فەرمانبەران تا ئەوكاتەی هەردوولا دەگەنە رێككەوتن".
ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ زیاتر لە هەفتەیەك دواكەوتو مەترسی ئەوەهەبوو بەغدا ناردنی موچە و شایستە داراییەكانی راگرتبێت، بەڵام دواتر وەزارەتی دارایی عیراق ئاشكرایكرد، دواكەوتنی ناردنی موچە بەهۆی كێشەی تەكنیكیەوە بوە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group