هیگواین: لە كالچیۆدا ركابەریی خۆمان دەكەین

18/01/2020 وەرزش

نەوا
گۆنزالۆ هیگواین ئەستێرەی تۆپی پێی ئەرجەنتین و یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی جەختدەكاتەوە، كە ماوریسیۆ ساری راهێنەری یانەكەیان باشترین راهێنەرە تائێستا كاری لەگەڵدا كردبێت، گەورەترین خەونی خۆیشی ئاشكرادەكات.
هیگواین لەلێدوانێكدا، كە ماڵپەڕی "كالچیۆ مێركاتۆ"ی ئیتاڵی بڵاویكردوەتەوە، وتویەتی "لەژێر سەركردایەتی زۆرێك لە راهێنەرە نایابەكاندا مەشق و راهێنانم كردوە و زۆریان لێوە فێربوم، بەڵام هیچ گومانێك لەوەدا نییە، كە ساری ئەو كەسەیە باشترین ئاستم لێدەردەهێنێت".
دەشڵێت "لەسەر نازناوی كالچیۆ ركابەری لەگەڵ خۆماندا دەكەین، ئێمە ئەو تیپەین كە ئەگەر بە خراپییش یاری بكەین، هەر دەتوانین براوەبین".
سەبارەت بە خەونی گەورەی لەم وەرزەشدا، هیگواین رایگەیاند، تاكە خەونی بردنەوەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپایە. وتیشی "كاروانەكەم نایاب بو، لە خولە گەورەكاندا یاریم كرد و گۆڵم تۆماركرد، بۆیە جگە لەو خەونە هیچ شتێكی دیكە نییە زیادی بكەم یان باشتری بكەم، دەزانم نابێت وا بڵێم، بەڵام لە كۆتاییدا ئەوە بابەتێكی لۆژیكییە و هەموومان دەمانەوێت چامپیۆنزلیگ ببەینەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group