دوكاندارەكانی ناوبازاڕی سلێمانی تابلۆی سەر دوكانەكانیان لێدەكەنەوە

29/01/2020

نەوا-رۆژیار سیروان
بەهۆی بڕیارێكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەشێك لەدوكاندارەكانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی تابلۆی سەر دوكانەكانیان لێدەكەنەوە پێش ئەوەی لیژنەی دیاریكردنی نرخی تابلۆ سەردانیان بكات و نرخەكانیان بۆ دیاری بكرێت و ساڵانە پارە بدەن بە حكومەت، وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیش نرخەكان بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرا دەكات و سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامێتیش دەڵێت، لەم هەفتەیەدا كۆبونەوەیەك لەسەر ئەو بابەتە ئەنجام دەدەن.
ئاوارە محەمەد خاوەنی دوكان لە شەقامی ئۆرزدی، لەم چەند رۆژەدا تابلۆی سەر دوكانەكەی لێكردوەتەوە بۆ رادیۆ نەوا وتی: بازاڕەكە بەوشێوەیە نییە تا پارەیەكی زۆر بە بەلاش بدەین و جێگای هیچ ناگرێت، هیچ كارێكشمان لەدەست نایەت بەرامبەر حكومەت، مانگانە پارە ئەدەین بۆ فرێدانی خۆڵ و خاشاك لەكاتێكدا هیچ خۆڵێكمان نیەو بەكارتۆن كاڵا ئەكرین و بە كارتۆن ئەیفرۆشینەوە ناچارین مانگانەش 15 هەزار دینار بدەین.
بەختیار عەلی بۆ ماوەی 20 ساڵە دوكانی لەسەر شەقامی ئۆرزدی هەیە و بۆ رادیۆ نەوا وتی: ئەم كارە بارگرانی لەسەر شانی خەڵك دروست كردوە، بۆیە ناچارین بە تەلەفۆن ناونیشان بە كڕیارەكان بدەین، لەئێستادا پێویست بوو تابلۆی پزیشكەكان لاببرێت چونكە هەر پزیشكێك شەش تابلۆی داناوە بەڵام پێم وایە لە ئێستادا لابردنی سەرجەم تابلۆكان سیمایەكی ناشرین دەبەخشێت بە شارەك. 

وتیشی: هەموو دوكاندارێك ناچارە چەندین جۆر پارە بدات بە حكومەت وەك كرێی مانگانەو ساڵانە هەروەها  پارەی ئاو و كارەبای نیشتمانی و مۆلیدەو خۆڵ ‌و خاشاك و موڵكانەو باج و تابلۆ 
هەر لەو بارەیەوە زەردەشت رەفیق وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بۆ رادیۆ نەوا وتی:  بەپێی بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم بۆ رێكخستنی باجەكان، بۆ هەر مەتر دوجایەك تابلۆی فلێكس و لەزگە ساڵانە بڕی 30 هەزار دینار وەردەگیرێت، هەروەها بۆ پیتی بارزو روناكی بڕی 30 هەزار دینار وەردەگیرێت، هاوكات بۆ هەر مەتر دوجایەك ریكلامی شاشە ساڵانە بڕی 125 هەزار دینار وەردەگیرێت.
تەیب مەحەمەد پێشمەرگەیەكی دیرێنی خانەنشینەو  بۆ بەسەربردنی كاتەكانی دوكانێكی قرتاسیەی لەسەر شەقامی ئۆرزدی داناوە و وتی: من بەو ئاسمانەوە نوسینێكم نوسیوە، بۆچی حكومەت پارەم لێ وەربگرێت، ئەگەر شەقامەكەم گرتوە، حەق بەحكومەتە با باج وەربگرێت، بەڵام ئەم بڕیارە هیچ رەوا نییە، بۆیە هیچ گرفتێكم نییە منیش تابلۆكە لێ دەكەمە، با حكومەتیش بەرپرسیاریەتی ناشارستانیبونی ئەم شارە هەڵبگرێت، كە دوكانەكانی بێ تابلۆ و ناو و ناونیشانن، لەوڵاتان خەڵاتی هەر دوكاندارێك دەكرێت ئەگەر تابلۆیەكی جوان دابنێت بەڵام لێرە بە پێچەوانەوەیە، ئەگەر حكومەت هەژارەو توانای نیە پێڵاوی دەخەمە سەرچاوم یارمەتی دەدە.
لەشكر حەمید سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی وتی: لەم هەفتەیەدا بڕیاروایە كۆبونەوەیەك ئەنجام بدەین لەسەر ئەو بابەتە بۆ ئەوەی بۆچونی خۆمان لەسەر وەرگرتنی ئەو پارەیە بخەینە روو چونكە جێگای رازەمەندی ئێمە نیە، بڕیاری وەرگرتنی باجی تابلۆی سەر دوكانەكان لەمانگی 10ی ساڵی رابردوو لەشاری سلێمانی كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام هێشتا بەتەواوی هەموو دوكاندارەكان لەم بڕیارە بە فەڕمی ئاگادارنەكراونەتەوە، لەرێگای لیژنەیەكەوە سەردانی دوكاندارەكان دەكرێت و ئاگادارییان پێ دەدرێت بۆ لێكردنەوەی تابلۆكانیان و  لەسەردانی داهاتوو بەپێی روبەری تابلۆكان ساڵانە پارەیان لێوەردەگیرێت. بەپێی بەدواداچونەكانی رادیۆی نەوا، دوكاندارەكانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی تابلۆی سەر دوكانەكانیان لێدەكەنەوە و ئامادەنین لەم كاتەدا پارەی زیاتر بدەن و گڕانفرۆشی لەناو بازاڕدا دروست ببێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group