كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عیراق كێیە؟

02/02/2020

نەوا
دواجار كەسێك راسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوی عیراق، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، محەمەد تۆفیق عەللاوی راسپارد ببێتە سەرۆك وەزیران و حكومەتێكی نوێ پێكبهێنێت.
راسپاردنەكە، كاردانەوەی لایەنەناوخۆیی و دەرەكییەكانی لێكەوتەوە، كاردانەوەكان لەنێوان پشتگیریكردن و خۆبەدوورگرتندا بوون.
بەپێی زانیارییەكان، راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی لەلایەن سەرۆك كۆماری عیراقەوە، بە رێككەوتنی نێوان هاوپەیمانیی سائیرون-ی سەر بە موقتەدا سەدر و هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری كراوە، بۆیە هەرزوو سەدر، عەللاویی بە هەڵیژێردراوی گەل ناوبرد و لە تویتەرەوە رایگەیاند "ئەمڕۆ لە مێژووی عیراقدا تۆمار دەكرێت، كە گەل سەرۆكوەزیرانی خۆی هەڵبژارد نەك لایەنە سیاسییەكان، ئەمەش هەنگاوێكی باشە و لە ئایندەدا بەهێزتر دەكرێت".

سەدر خۆشی بە خۆپیشاندەر وەسفكردووە و دەڵێت "ئێمەی خۆپێشاندەر پابەندین بە خۆپیشاندانی ئاشتییانە لەپێناو تەواوكردنی كابینەی حكومەتی سەربەخۆ، كە لە گەلەوەیە و بۆ گەل دەبێت، چاوەڕوانین محەمەد تۆفیق عەللاوی ملكەچی گوشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان نەبێت، بەرنامەكەی رابگەیەنێت و پەلە بكات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەوڵ بۆ سەروەریی و سەقامگیریی عیراق بدات".
رێبەری رەوتی سەدر جەختیشی كردۆتەوە، كە كاریگەرییان لەسەر پێكهێنانی حكومەت نابێت، بەڵام ئەگەر عەللاوی بەشێوەیەكی سەربەخۆیانە پشتگیریی بوێت، ئامادەن بۆ پشتگیرییكردنی.
لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانێتییەكەی هادی عامری بەشداربووەلە راسپاردنی عەللاوی، بەڵام بە فەرمی هیچ لێدوانێكیان لەبارەی راسپاردنەكەوە نەبوو و بێدەنگ مانەوە.
لە بەرامبەردا چەند لایەنێكی عیراقی، لەگەڵ ئەوەی دژایەتیی خۆیان بۆ راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی رانەگەیاندووە، بەڵام رایانگەیاندووە، كە بەشێك نەبوون لە هاوكێشەی راسپاردنی ناوبراو بۆ پێكهێنانی حكومەت.
لەوە بارەیەوە هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی، جەختیكردەوە، كە لایەنێك نەبوون لە هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانی نوێی عیراق.

 

هاوپەیمانیی نەسر لە راگەیێندراوێكدا بە پێویستی زانیوە كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ بە دووركەوتنەوە لە بەشبەشێنە ئامادەیی خۆی بسەلمێنێت و لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بكات، كە بوونەتە هۆكاری رژانی خوێنی عیراقییەكان، ئەو پارانەش بگەڕێنێتەوە كە بە ناڕەوا دەستیان بەسەردا گیراوە، هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی پاك و دادوەرانەیش بەڕێوەبچێت.
لای خۆیەوە ئەیاد عەللاوی سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانی، لە تویتەرەوە رایگەیاند، "پێویستە كاندیدی سەرۆكایەتیی حكومەت رەوایەتی لە پشتگیریی گەلی عیراقەوە هەبێت، لەنێویشیاندا خۆپیشاندەران، سەندیكا پیشەییەكان، هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان، نەك ئێران پاڵپشتیی بكات".

ئەیاد عەللاوی بێ ئەوەی ناوی عەللاوییەكەی دیكە بهێنێت، رایگەیاند "هەر كاندیدێك رەتدەكەینەوە كە لە دەرەوەی عیراقەوە راسپێردرابێت".
محەمەد تۆفیق عەللاوی پێشتر سەر بە حزبی دەعوەی ئیسلامیی بوو بە سەرۆكایەتیی نوری مالكی، بەڵام دواتر لێی جیابۆوە، بۆیە حزبی دەعوە بەهەمانشێوە رایگەیاند، كە بەشێك نین لە سیناریۆی راسپاردنی هیچ كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران.
حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە راگەیێندراوێكدا خۆی بێبەری كردووە لە بەشداربوون لە كاندیدكردنی عەللاوی و رایگەیاندووە "حیزبی دەعوە بە هەموو عیراقییەكانی رادەگەیەنێت هیچ پەیوەندییەكی بە هەڵبژاردنی هیچ كەسایەتییەكەوە نییە، كە گونجاو نەبێت لەگەڵ ئەو مەرجانەی عیراقییەكان لەسەری رێككەوتون".

 

حیزبی دەعوە ئاشكراشیكردووە "لە یەكەم رۆژی دەستپێكردنی پرۆسەی كاندیدكردندا ویستمان بەربژێر بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كەسێكی سەربەخۆ، بەتوانا و دەستپاك بێت و بتوانێت سەروەری و یەكێتیی عیراق بپارێزێت و خواستەكانی گەل و خۆپێشاندەرانیش بەدیبهێنێت، جگە لەوەش بتوانێت زەمینەسازی بكات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن".
لەبارەی كاردانەوەی لایەنە دەرەكییەكانیشەوە، جێنین پلاسخارت نێردراوی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، لەگەڵ ئەوەی پێشوازیی لە راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی كرد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەڵام نەیشاردەوە كە رێگەی بەردەم عەللاوی پڕە لە ئاستەنگ.
 پلاسخارت لە راگەیەندراوێكدا هانی عەللاویشی دا بەپەلە كاربكات بۆ بەدیهێنانی چاكسازییە بنەڕەتییەكان و جێبەجێكردنی داواكارییە رەواكانی گەل.

نێردراوەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەشی خستەڕوو "سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو ئەركێكی گەورەی لەسەرە، كە بریتییە لەوەی بەپەلە حكومەت پێكبهێنێت و متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت و ئەو چاكسازییانە جێبەجێبكات، كە داواكاریی گەلن".
پلاسخارت هانی عەللاویشی داوە هەموو هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ دەركردنی عیراق لەو قەیرانەی كە تێیدایە، بەڵێنیدا نەتەوە یەكگرتووەكان بەردەوام بێت لە پاڵپشتیكردنی گەل و حكومەتی عیراق بۆ بنیادنانی عیراقێكی پڕ لە ئاشتی و دادپەروەریی و گەشەسەندوو.
باڵیۆزخانەی ئەمریكاش لە بەغدا لە تویتەرەوە رایگەیاند، ئامادەن لەگەڵ حكومەتی نوێی عێراقدا كاربكەن هەر كاتێك پێكهات. بەپێویستیشی دەزانێت راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكومەت بەجێهێنانی داواكارییەكانی خەڵكی بەدواوە بێت.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دەشڵێت، رەوشی ئێستای عیراق و ناوچەكە پێویستی بە حكومەتێكی سەربەخۆ و دەستپاك و پابەندە بە دابینكردنی پێداویستییەكانی گەلی عیراق.

هەروەها برێت مەكگۆرك نێردەی پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش، محەمەد تۆفیق عەللاوی بە كاندیدێكی بەهێز بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران وەسفدەكات و دەڵێت، شایستەی هاوكاریی پێشوەختەی ئەمریكایە.

مەكگۆرك لە تویتەرەوە هیوای سەركەوتنی بۆ عەللاوی خواستووە لە چاكسازیكردن و ئاراستەكردنی عیراق بەرەو هەڵبژاردن بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆیە بە شایستەی هاوكاری و پاڵپشتیی پێشوەختەی ئەمریكای دەزانێت.
خۆپیشاندەرانی عیراقیش بەدوور نەبوون لە كاردانەوە بەرامبەر بە راسپاردنی عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەشێوەیەك كە بەگشتی خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەكانی دیكە دژایەتیی خۆیان بۆ راسپاردنی عەللاوی دەربڕی، بەو پێیەی پێیان وایە ناوبراو سەر بەم چینە سیاسییەی ئێستای عیراقە و پێشتریش پەرلەمانتار و وەزیر بووە، بەڵام لایەنگرانی سەدر، كە دووبارە چونەتەوە ناو خۆپیشاندانەكان، هاوشێوەی موقتەدا سەدر، پشتگیریی ناوبراو دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت و بوونە سەرۆك وەزیران.
محەمەد تۆفیق عەللاوی دوای راسپاردنی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە، ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەی، وەكو خۆشی بەڵێنیداوە، كاردەكات بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی دوور لە پشكپشكێنە.
محەمەد تۆفیق عەللاوی ساڵی 1954 لە ناوچەی كەرادەی بەغدا لەدایكبوە، لە شوێنكەوتوانی محەمەد باقر سەدر بوە، بەڵام ئەندامی حزبی دەعوەی ئیسلامیی بووە، لە ساڵی 1977 كاتێك خوێندكاری كۆلێژی ئەندازیاری بووە، بەهۆی رەشبگیریی دەزگا ئەمنییەكانەوە لە عیراقیەوە بەرەو لوبنان هەڵهاتووە، دواتر لە زانكۆی ئەمریكی لە بەیروت كۆلێژی ئەندازیاریی تەواوكردووە، لە هەریەك لە وڵاتانی لوبنان و بەریتانیا ژیاوە، لە ساڵی 2006 ئەندامی لیستی عیراقییە-ی ئەیاد عەللاوی بووە و بۆتە ئەندامی پەرلەمانی عیراق، دواتر لە ساڵانی 2006-2007 بۆتە وەزیری گواستنەوە و پەیوەندی لە حكومەتەكەی نوری مالكی، لە كابینەی دووەمی مالكیشدا لە 2010 بوەوە بە وەزیری پەیوەندی، بەڵام دوای 2 ساڵ بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ نوری مالكی، دەستیلەكاركێشایەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group