بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وردەكاری روداوی پەلاماردانی هاووڵاتییەكی ناو مزگەوتێك ئاشكرادەكات

15/02/2020

نەوا
دوای ئەوەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە كاتی نوێژی بەیانیدا لە مزگەوتێكی شاری هەولێر، تۆمەتبارێك بە چەقۆ كەسێكی بەساڵاچو و پۆلیسێكی برینداركرد، پۆلیس بەدواداچونی وردی كرد و لە ماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەكەی دەستگیركرد.
لەوبارەیەوە عەمید دلێر نەجاڕ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، كاتژمێر (5:30)ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (شەممە)، لە كاتی نوێژی بەیانیدا لە مزگەوتی (عەبدولكەریم مودەڕیس) لە هەولێر، كەسێك بە ناوی (ع.ل.م) هەڵیكوتاوەتەسەر مزگەوتەكە و داوای لە هاووڵاتییەكی بەساڵاچو بە ناوی (جەمیل محەمەد ساڵح) (تەمەن 78 ساڵ) كردوە، كە پارەی پێبدات، دوای رەتكردنەوەی داواكەی لەلایەن پیاوە بەساڵاچوەكە، تۆمەتبارەكە چەند چەقۆیەكی وەشاندوە و بە سەختی برینداری كردوە.
ئەوەشی خستەڕو، هەندێك پەیج و ماڵپەڕ بە مەبەست و بۆ بەلاڕێدابردنی دۆسیەكە نوسیویانە گوایە ئەو كەسەی هێرشی كراوەتەسەر مامۆستای ئایینییە، بەڵام لە راستیدا هاووڵاتییەكی ئاساییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی پۆلیس پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاووڵاتیانە بە بێ جیاوازی.
عەمید دلێر نەجاڕ رونیشیكردەوە، لە كاتی هەڵكوتانەسەر هاووڵاتییە بەساڵاچوەكە، پۆلیسێكی فریاكەوتن بە ناوی بەختیار ستار ئیسماعیل لە كاتی ئەركدا لەوێ دەبێت، بۆیە بە هانای پیاوەكەوە دەچێت و لە ژێر چنگی رزگاری دەكات، بەڵام لەئەنجامدا چەقۆیەكی بەردەكەوێت و ئەویش بریندار دەبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو مەبەستە رێكخراوە و پۆلیس توانی بە ماوەیەكی زۆر كەم تۆمەتبارەكە دەستگیربكات، دۆسیەكەش خراوەتەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە بۆئەوەی رێڕەوی یاسایی وەربگرێت و رێكاری یاساییش دەرهەق بەو كەسە بگیرێتەبەر، كە تاوانەكەی ئەنجامداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group