دانیمارك سەربازەكانی دەگەڕێنێتەوە عەین ئەلئەسەد

18/02/2020 عێراق

نەوا
دانیمارك بڕیاری داوە لە سەرەتای مانگی داهاتوەوە سەربازەكانی خۆی رەوانەی بنكەی سەربازیی عەین ئەلئەسەد لە پارێزگای ئەنباری خۆرئاوای عیراق بكاتەوە.
لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی بەرگریی دانیمارك ئاشكرایكردوە، دوای ئەوەی بەهۆی دۆخی ئەمنیی عیراق و هێرشەكانی سەر بنكەی سەربازیی عەین ئەلئەسەد، سەربازەكانیان كشاندەوە و ناردبویاننە كوێت، بەڵام بەهۆی گۆڕانی دۆخی ئەمنی، لە رۆژی 1ی مانگی داهاتوەوە سەربازەكانیان رەوانەی بنكە سەربازییەكە دەكەنەوە.
وەزارەتی بەرگریی دانیمارك دەشڵێت، ژمارەی ئەو سەربازانەی دەنێردرێنەوە عیراق 130 كەسن و ئەركیان راهێنانكردنە بە سەربازانی عیراق و هاوكاریكردنی بەغدایە لە شەڕی دژ بە رێكخراوی داعش.
مانگی 1ی رابردو بنكەی سەربازیی عەین ئەلئەسەد و بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكییەكان لە هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە موشەكباران كران، هەرچەندە هیچ سەربازێكی هاوپەیمانان و ئەمریكا بەرنەكەوتن، بەڵام دەیان سەربازی ئەمریكی توشی شڵەقانی مێشك بون و بۆ چارەسەر رەوانەی ئەڵمانیا كراون.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group