ئێسكە پەیكەری نیاردەرتاڵێك لەهەرێمی كوردستان دۆزراوەتەوە

20/02/2020

نەوا
ئێسكەپەیكەری نیاردەرتاڵێك لەناوچەیەكی مێژویی هەرێمی كوردستان دۆزرایەوە، كە بە بەڵگەیەكی گرنگ دادەنرێت و زۆر شت لەسەر مرۆڤە سەرەتاییەكان ئاشكرا دەكات، وەك چۆنێتیی رێوشوێنی ناشتنی مردووەكان.
ئیان راندڵ نوسەری بەریتانی لە وتارێكدا بۆ رۆژنامەی دەیلی مەیڵ نوسیویەتی، مرۆڤێكی نیاردەرتاڵ لە یەكێك لە ناوچە مێژوییەكانی هەرێمی كوردستانی عیراق دۆزراوەتەوە، كە یەكەم ئێسكە پەیكەری نیاردەرتاڵە تا ئێستا دۆزرابێتەوە و ئەوەندە وردەكاریی تێدا بێت.
رونیشیكردوەتەوە، ئەوەش دوای ئەو هەڵكەندنانە دێت، كە ماوەی 20 ساڵە بەردەوامە و ئێسكە پەیكەرەكە بۆ مرۆڤێك دەگەڕێتەوە، كە لەناوەڕاستی تەمەنیدا بووە و پێش 70 هەزار ساڵا ژیاوە، بەرێگەیەك نێژراوە، كە تایبەتە بە مرۆڤە سەرەتاییەكانەوە.
ئەو نوسەرە ئەوەشی رونكردوەتەوە، ئێسكە پەیكەرەكە سەلامەتە و لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، ئەو دۆزینەوەیەش ئاشكرایدەكات مرۆڤی سەرەتایی ژیانی خۆیان بەهەموو ئاڵۆزیە جۆراوجۆرەكانیەوە ژیاون، ئێسكە پەیكەرەكە ناونراوە "شانەدەر زێد" و دانەكانی هی كەسێكی پێگەیشتوە، كە لەناوەڕاستی تەمەنیدا بێت.
بەپێی زانیاریەكان، ئەو دۆزینەوەیە چەندین بۆچون لەسەر مرۆڤی كۆن دەسەلمێنێت، وەك ئەوەی ئایا مرۆڤی سەرەتایی یاسا و رێوشوێن و رۆشنبیریەتی خۆیان هەبوە؟ چونكە لەناو گۆڕەكەدا گوڵی تێدا دانراوە، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت شێوازی تایبەت بەخۆیان هەبووە بۆ ناشتنی مردوەكانیان و ئەنجامدانی رێوشوێنی تایبەت.
ئەشكەوتی شانەدەر دەكەوێتە سنوری قەزای مێرگەسۆر، لە بەشی باشوری دامێنی چیای برادۆستە و 122 كم لەشاری هەولێرەوە دوورە، پێشتریش چەندین ئێسكەپەیكەری تر لەو ئەشكەوتەدا دۆزراونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group