لە ئێران دەنگدانی گشتی پێنج جار درێژكرایەوە

22/02/2020 جیهان

نەوا
لە ئێران لە هەڵبژاردنی گشتی دا كە رۆژی هەینی 21-2-2020 بەڕێوەچو، بەهۆی ئەوەی ڕێژەی بەشداریكردن كەم بووە، ماوەی دەنگدان پێنج جار درێژكرایەوە.
بە پێی هەواڵی ئاژانسەكانی فارس و تەسنیم پڕۆسەی دەنگدان درەنگانی شەوی رابردوو كۆتایی هاتووە، لەكاتێكدا بڕیاربوو كاتژمێر 6:00ی ئێوارە كۆتایی بە پڕۆسەكە بێت، بەڵام پێنج جار درێژكراوەتەوە. یەكەمجار دوو كاتژمێر، دواتر كاتژمێرێكی تر و دوای ئەوەش چەند جارێك نیو كاتژمێر درێژكرایەوە.
عەلی خامنەیی ڕابەری ئایینی ئێران بۆ ئەوەی ڕێژەی بەشداریكردن زیادببێت ڕایگەیاند، دەنگدان جگە لەوەی ئەركێكی هاووڵاتیبوونە، هەروەها ئەركێكی ئایینیە.
ئاژانسی هەواڵی فارس نیوز رایگەیاند، تا كاتژمێر 6:00 رێژەی بەشداریكردن 40% بووە. چاوەرێدەكرێت، ڕێژەی بەشداریكردنیش ئەمڕۆ ئاشكرا بكرێت و پێناچێت ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەماوەیەكی كەمدا دەربكەون.
بەر لە هەڵبژاردنەكان پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) و كۆمەڵگای دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆدار) و هەندێل لایەنی ئۆپۆزسیۆن هەڵبژاردنەكەیان بایكۆت كرد و داوایان لە گەلی كورد كرد نەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group