تەندروستیی نەجەف: یەكەم حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە پارێزگاكەماندا تۆماركرا

24/02/2020 عێراق

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
فەرمانگەی تەندروستیی نەجەف ئاشكرایكرد، یەكێك لەو خوێندكارە ئێرانییانەی لە نەجەف دەخوێنن، توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوە.
لەوبارەیەوە سالم نیعمە بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی نەجەف لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، خوێندكارێكی ئێرانی، كە لە بواری ئایینی لە نەجەف دەخوێنێت، پشكنینی پزیشكیی بۆ كراوە و دەركەوتوە توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، بۆیە لە خەڵك جیاكراوەتەوە و خراوەتە شوێنی تایبەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە ئەمڕۆ وەزیری تەندروستیی هەرێم لەگەڵ لیژنەی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر كۆبۆوە و دوایین رێكارو هەنگاوەكان بۆ رێگری لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گفتوگۆی لەسەر كرا.
لە پاش كۆبونەوەكە، سەباح زێباری سەرۆكی كاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، بەمەبەستی ئاگاداربون لە رێكارەكانی وەزارەت میوانداری وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت كرا، ئەوەی بیستمان هەنگاو و رێكارەكان جێگای دەستخۆشین.
وتیشی "داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەین رێكارە ئەمنییەكان توندتربكات لە خاڵە سنوریەكاندا، كە یاسایی و فەرمی نین، بەڵام خەڵك پێیاندا تێپەڕدەبێت، داوای دانانی مەفرەزەكانی هێزی ئەمنی دەكەین".
لای خۆیشیەوە د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، دەستخۆشی لە سەرجەم تیمە تەندروستیەكان دەكەن، كە ئێستا و پێشتریش كاری زۆر گەورەیان ئەنجامداوە لەدۆزینەوەی ئەنفلۆنزای وەرزی و كۆرۆنا.
داوای لێبوردنیشی كرد لەو گەشتیارانەی دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و لەكەرەنتینەكان دەبێت چاوەڕوان بن، كە لە هەرێمی كوردستان 13 كەرەنتینی چاودێری هەیە و تائێستاش هەزار و 249 گەشتیار لە ئێران گەڕاونەتەوە و لەژێر چاودێریدان، سوپاسیان دەكەین ئارام بگرن لەپێناو بەرژەوەندی گشتی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هاوكاریی هاووڵاتیان و هێزە ئەمنیەكان زۆر گرنگە و چەندین بڕیاری گرنگیش دەرچوە، بودجەی كراوەش دانراوە بۆ هەر ئیجرائاتێك كە بكرێت، بەڵام نەخۆشیەكە دەبێت بەچاوێكی زانستیانە سەیربكرێت و ترس و دڵەڕاوكێ دروست نەكرێت لەنێو هاووڵاتیاندا.
ئەوەشی خستەڕو، چەند هێڵێكی گەرم رادەگەیەنین لە هەبوونی هەر حاڵەتێك لەڕێگای تیمی گەڕۆكی خێرا چاودێری دەكرێت، چونكە گرنگترین كار بۆ خۆپارێزی دۆزینەوەی حاڵەت و گومانلێكراوە.
د.سامان بەرزنجی راشیگەیاند، بڕیارە شاندێكیان بچێتە بەغدا بۆئەوەی رێكارەكان بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی خەڵكی عیراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group