بیل كلینتۆن بۆ یەكەمجار هۆكاری پەیوەندییە سۆزداریەكەی لەگەڵ مۆنیكا ئاشكرادەكات

07/03/2020 هەمەڕەنگ

نەوا
بیل كلینتۆن سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا بۆ یەكەمجار باس لەو پەیوەندیە سۆزداریە دەكات، كە لەگەڵ كارمەندێكی كۆشكی سپی بەناوی "مۆنیكا لوینسكی" هەیبو، ئاماژە بەوەشدەدات، هۆكاری پەیوەندییەكەی دڵەڕاوكێ بوە.
كلینتۆن لە زنجیرەیەكی دۆكیومێنتاریدا بەناوی "هیلاری" ئاماژەی بەوەداوە، پەیوەندیە سۆزداریەكەی لەگەڵ مۆنیكا بەهۆی ئەو دڵەڕاوكێیەوە دروستبوە، كە بەهۆی كارەكەی وەك سەرۆكی ئەمریكا توشی بوە.
رونیشیكردوەتەوە، بیانو هێنانەوە بۆ پەیوەندییەكەی بەرگریكردن نییە لە خۆی، بەڵام رونكردنەوەی روداوەكەیە، هەروەها پەیوەندیەكەی لەگەڵ مۆنیكا تۆقێنەر بوە.
ئەو سەرۆكەی پێشوتری ئەمریكا ئاماژە بەوەشدەدات، سەردانیكردنی راوێژكاری هاوسەرگیری سەختترین كار بوە كە ناچاربوە بیكات. دەشڵێت "بەداخەوەم لە بەرانبەر ئەوەی بەسەر مۆنیكا لوینسكیدا هات و وا هەستدەكات روبەڕوی زوڵم بوەتەوە و ژیانی بەتەواوەتی هەڵگێڕاوەتەوە".
پەیوەندییە سۆزداریەكەی كلینتۆن و مۆنیكا ماوەی 25 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و ئەو پەیوەندیە كاریگەری خراپی لەسەر ژیانی سیاسی و هاوسەرگیری كلینتۆن هەبوو، تەنانەت خەریكبو كۆتایی بە هاوسەرگیریەكەی لەگەڵ هیلاریدا بێت.

 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group