یاریزانانی بەرشەلۆنە ئامادەنین موچەكانیان كەمبكرێتەوە و نهێنییەكەش ئاشكرادەكرێت

29/03/2020 وەرزش

نەوا
تائێستا یاریزانانی بەرشەلۆنە ئامادەنین موچەكانیان كەمبكرێتەوە و جۆسێپ بارتۆمیۆ سەرۆكی یانەكەش لە هەوڵ و دانوستاندنەكانی بەردەوامە بۆئەوەی یاریزانەكان رازی بن بە كەمكردنەوەی موچەكانیان.
بەگوێرەی راپۆرتی میدیای ئیسپانی، كەمكردنەوەی موچەی یاریزانان چارەسەری سەرەكییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو زەرەرە ئابوریانەی بەهۆی وەستاندنی خولەكانی تۆپی پێوە هاتونەتەئاراوە و تا ڤایرۆسی كۆرۆناش چارەسەر نەكرێت، كەس نازانێت كەی چالاكییە وەرزشییەكان دەستپێدەكەنەوە.
لەو نێوەندەدا رۆژنامەی "ماركا"ی ئیسپانی بڵاویكردەوە، یاریزانان زوو بێت یان درەنگ ناچاردەبن رازی بن بە كەمكردنەوەی موچەكانیان، چونكە كەسایەتی و وێنەیان لەنێو كۆمەڵگەدا بەندە بە رازیبونیانەوە، ئەگەر ئاوڕێكی دروست لە دۆخەكە نەدەنەوە زیان دەكەن، چونكە هەم خەڵكێكی زۆر زەرەرمەند بون و كاریان لەدەستداوە، هەم كەسوكاریان كۆچی دواییانكردوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، هەڵوەشاندنەوەی وەرزی ئەمساڵی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا زیانی 100 ملیۆن یورۆ لە بەرشەلۆنە دەدات، بە هەمانشێوە بۆ ریاڵ مەدریدیش.
زیاتر لەوەش ئاشكرایكردوە، یاریزانانی بەرشەلۆنە ئامادەنین موچەكانیان كەمبكرێتەوە، چونكە گومانیان لە ئیدارەی یانەكەیان هەیە و پێیانوایە زەرەر و زیانەكان بەهۆی ئیدارە خراپەكەیانەوەیە.
جگەلەوەش، یانەی ریاڵ مەدرید یاریزانانی ناچار نەكردوە موچەكانیان كەمبكەنەوە، بۆیە ئەستێرەكانی بەرشەلۆنەش نایانەوێت باجی هەڵەی ئیدارەكەیان بدەن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group