گۆڤارێكی فەرەنسی: ئەوەی عیراقییەكان لەم بارودۆخەدا دەیكەن "موعجیزەیە"

07/04/2020 عێراق

نەوا
گۆڤارێكی فەرەنسی پێیوایە ئەوەی عیراقییەكان لە چوارچێوەی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا لە هاریكاریكردن لەنێوان خۆیاندا دەیكەن لە دابینكردنی خۆراك بۆ هەژاران و دروستكردنی كەمامە و دابەشكردنی بەخۆڕایی، "موعجیزەیە".
گۆڤاری "لابوا"ی فەرەنسی لەبابەتێكدا بڵاویكردوەتەوە، لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێنەكان و قەدەغەی هاتوچۆ بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەو خاوەن كارانەی موچەكانیان رۆژانەیە، وەستاون وەك كەرتە نافەرمیەكان و كاری كرێكاران، تەنها فەرمانبەرانی مەدەنی و بەشێكی كەمی دیكە موچەكانیان وەردەگرن.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەش وای لە بەشێكی زۆری عیراقییەكان كردوە برنج و شەكر و نیسك و چەندین پێداویستی تر بەسەر هەژاراندا دابەش بكەن، هەروەها چەندین دوكان و فرۆشگا لەسەر كاڵاكانیان نوسیویانە "بێبەرانبەرە بۆ هەژارەكان".
رۆژنامەكە ئەوەشی رونكردوەتەوە، ئەو هاریكاریە لەكاتی قەدەغەی هاتوچۆدا دەكرێت، كە بوەتەهۆی دروستبونی بێكاریەكی زۆر، بەڵام ئەوە كارێكە كە تەنها دەتوانرێت بە "موعجیزە" وەسف بكرێت.
ئەبو هاشم، كە هاووڵاتییەكی عیراقییە و لە پەنجاكانی تەمەنیدایە لەبەردەم فۆرشگایەكی خۆراكدا وەستاوە و كیسە خواردن بەسەر هەژاراندا دابەش دەكات، هەموان لە عیراق لەم كارە مرۆییەدا بەشدارن.
گۆڤاری "لابوا" لەگەڵ چەندین هاووڵاتی عیراقی قسەی كردوە، كە بژێوییان لەسەر كاری رۆژانەیە و ئاماژە بەوەدەدەن لە شەو و رۆژێكدا بارودۆخەكە وایلێهات هیچ داهاتێكیان نەبێت و هەزاران حاڵەتی لەو شێوەیەش هەیە، بەغدا پڕە لە كاڵا و خۆراك، بەڵام خەڵك هەن كە ناتوانن بیكڕن، زۆربەی عیراقییە هەژارەكان هەست بە شەرم دەكەن، كە داوای هاوكاری بكەن بۆیە دەچنە ئەو ناوچانەی كەس نایانناسێت.
گۆڤارەكە ئاماژەی بەوەشداوە، هەروەها كەسانی دیكەش هاوكاری خەڵك دەكەن لە روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بارودۆخەكە، بۆ نمونە ئەسعەد سەعدی، كە بەرگدروە، رۆژانە هەزار كەمامە دروستدەكات و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی دەكات، عیراقییەكانی تریش هەمان كاردەكەن و چەندین خاوەن موڵك و ماڵ لە كرێچیەكانیان خۆش بوون، عیراق یەكێكە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان لە نەوتدا، بەڵام بەپێی داتاكانی بانكی نێودەوڵەتی 20%ی هاووڵاتیانی لەژێر هێڵی هەژاریەوەن.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group