رێگای بەردەمی مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق ئاسان بوە

16/04/2020 عێراق

نەوا 
سەركردەی لایەنە شیعییەكان لەگەڵ مستەفا كازمی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی عیراق كۆبونەتەوە و پێدەچێت پێكهێنانی كابینەكەی ئاسان بووبێت.
میدیاكانی عیراق بڵاویانكردوەتەوە، مستەفا كازمی لە ماڵی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح، لەگەڵ سەركردەی لایەنە شیعییەكان كۆبوەتەوە، لەوانە، نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە، حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر، نەسار روبەیعی سەرۆكی دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر و فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق ئامادەی كۆبونەوەكە بوون.
لە كۆبونەوەكەدا سەركردەی لایەنە شیعییەكان كازمی-یان لە هەڵبژاردنی وەزیرەكانی كابینەكەی سەرپشك كردووە، بەو مەرجەی هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكان بپارێزێت.
بەپێی میدیاكانی عیراق، دوای ئەو كۆبونەوەیە رێگەی بەردەم مستەفا كازمی لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا ئاسانتر بووە و چاوەڕێ دەكرێت هەفتەی داهاتوو ناوبراو ناوی ئەندامانی كابینەكەی و كارنامەی حكومەتەكەی پێشكەشی پەرلەمانی عیراق بكات.
ئەمە لە كاتێكدا تا ئێستا مستەفا كازمی بە فەرمی لەگەڵ لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان كۆنەبوەتەوە.
ماڵەكەی هادی عامری یەكەم جار نییە هێزە شیعییەكان كۆبكاتەوە بۆ بڕیاردان لە پێكهێنانی حكومەت، بەو پێیەی پێشتریش و لە رۆژی 6ی ئەم مانگە بەهەمانشێوە هێزە شیعییەكان لەماڵەكەی عامری كۆبونەوە و رێككەوتن لەسەر ئەوەی مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەت رابسپێردرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group