كەجەكە وردەكاری شەهیدبونی سێ گەریلای ئاشكرادەكات

17/04/2020

نەوا
كۆما جڤاكێن كوردستان - كەجەكە وردەكاریی شەهیدبوونی سێ گەریلای هەپەگە لە بۆردوومانەكەی زینی وەرتێ بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، لە خاڵی جێگیربوونی هێزەكانی پارتییەوە زانیاریی لەسەر شوێنی ئەو سێ گەریلایەیان ئاشكرابوە"
پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی كۆما جڤاكێن كوردستان - كەجەكە بەیاننامەیەكی دەربارەی بارودۆخی زینی وەرتێ و بۆردوومانەكانی 15ی ئەم مانگەی دەوڵەتی توركیا لە زینی وەرتێ و كامپی مەخمور بڵاوكردەوەو وردەكاریی چوونی گەریلاكانیانی بۆ زینی وەرتێ و چۆنییەتی شەهیدبوونیان ڕووندەكاتەوە و تێیدا هاتووە: تیمێكی سێ گەریلاییمان چووبوونە خاڵی جێگیربوونی هێزەكانی پارتی لە زینی وەرتێ و پێیان وتبوون، كە مانەوەیان لەو ناوچەیەدا راست نییە و داوایان لێكردبوون ئەو ناوچەیە جێبهێڵن، دواتر ئەو تیمە لە نزیك بارەگای هێزەكەی پارتی جێگیرببوون.
بەپێی راگەیەندراوەكەی كەجەكە، هیچ بارەگایەكیان لە زینی وەرتێ نەبووە تا شوێنی گەریلاكانیان ئاشكراببێت و جەختدەكاتەوە، رۆژێك دوای ئەو سەردانە فڕۆكە جەنگییەكانی دەوڵەتی توركیا بۆردومانی خاڵی جێگیربوونی ئەو تیمەی گەریلایان كرد و هەرسێكیان شەهیدبوون، ئەو ‌هێرشەش لە ئەنجامی زانیاریی هەواڵگریی بوە، لەو شوێنەی سێ گەریلاكەی لێبووە نە بارەگا هەبووە نە هیچ شتێك، بۆیە بۆ كەجەكە رونبوەتەوە، كە لە خاڵی هێزەكانی پارتی-یەوە زانیاریی لەسەر ئەو سێ گەریلایەیان ئاشكرابووە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی كەجەكە، ئەو سێ گەریلایەی لە زینی وەرتێ شەهیدبوون خەڵكی باشور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستانن.
كۆما جڤاكێن كوردستان جێگیربوونی هێزەكانی پارتی-یش لە نزیك ئەو شوێنانەی گەریلا بە راگەیاندنی شەڕ دژبە گەریلا ناودەبات لەلایەن پارتی-یەوە و دەڵێت "لەڕاستیدا جێگیربوونی هێزی پارتی لە زینی وەرتێ ڕاگەیاندنی شەڕە لەدژی گەریلا، لەسەر داواكاریی توركیاش پارتی فشاری 'لێرە دەربچن' لە گەریلا دەكات".
كەجەكە هەر لەو بەیاننامەیەشدا ئاشكرایدەكات، كە پارتی و توركیا رێككەوتوون بۆ گەمارۆدانی قەندیل و دەڵێت "چاوەڕوان دەكرێت لەكاتێكی گونجاودا دەوڵەتی تورك هێرش بكاتەسەر قەندیل، بۆیە پارتی هێزەكانی لە نزیك شوێنەكانی گەریلا زیادكردووە".
رۆژی 15ی نیسان فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە دوو كاتی جیاوازدا هێرشی ئاسمانییان كردەسەر زینی وەرتێ و كەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە سێ گەریلا لە زینی وەرتێ شەهیدبوون و سێ ژنی مەدەنیش لە كەمپەكەدا بە هەمانشێوە شەهیدبون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group