تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم: یەكێتی تاقم و دەستە نییە

17/04/2020

نەوا
تیمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەخنە لە مەسرور بارزانی دەگرێت و جەختیشدەكاتەوە، كە حزبەكەیان تاقم و دەستە نییە.
ئەمەش دەقی پەیامی تیمەكەیە:

پەیامێك لە تیمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان
بۆ رای گشتی خەڵكی كوردستان
بەشداریكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كابینەی نۆیەمینی حكومەت لەچوارچێوەی رێكەوتنێكی سیاسی بوو، لەسەر بنەمای هاوبەشی لە بڕیار و بەڕێوەبردن و لەپێناو سەقامگیری سیاسی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و تێڕامان پەیامەكەی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە، كە تیایدا هێرشێكی ناڕەوای كردووەتەسەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تاقم و دەستە نییە، حزبێكی تێكۆشەری خاوەن مێژوویەكی پڕ سەروەری و ئایندەیەكی گەشە، تیمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، نوێنەرایەتی دید و ستراتیژ و تێڕوانینە نیشتمانیی و نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستان دەكات، لەوبارەیەوە یەكێتی هاوبەشی هەموو دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی كوردستانی سەرتاسەریە و دژی دوو ئیدارەییە و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیمان لە كابینەی رابردوو و ئێستاشدا سەلمێنەری ئەو راستییەیە.
تیمی یەكێتی لە حكومەت لەسەر بنەمای دەوڵەتداری ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ دەكات لەپێناو خزمەتكردنی هاوڵاتییاندا، بەڵام بە شانازییشەوە نوێنەرایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەین و لە چوارچێوەی بەرنامەی پەسەندكراوی حكومەت لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە كاردەكەین. بۆیە لەم بارودۆخە ناهەموارەدا، پێویستە حكومەت و دامەزراوە فەرمییەكانی تەرخان بكرێن بۆ خزمەتی هاونیشتیمانییانی هەرێمی كوردستان نەك ببن بە بەشێك لە كێشە سیاسیەكان.
لەم بارەیەوە تیمەكەمان نامەیەكی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە.

تیمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان
لە حكومەتی هەرێمی كوردستان

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group