عادل عه‌بدولمه‌هدی رونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی نه‌ناردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌دات

28/04/2020 عێراق

نه‌وا
عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عیراق ده‌ڵێت "له‌باره‌ی یاسای بودجه‌وه‌ رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، به‌پێی رێككه‌وتنی بودجه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستبكات".
عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ لێدوانێكیدا، كه‌ له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی حكومه‌تی عیراق له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر له‌باره‌ی قه‌یرانی بودجه‌ له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، وتویه‌تی "ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ جێبه‌جێكردنی یاسا، له‌ یاسای بودجه‌دا هاتوه‌ پێویسته‌ هه‌رێم رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستبكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌های ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیله‌ له‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا ده‌بڕدرێت، ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌مان كردوه‌".
سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق-یش به‌ راگرتنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌دا ده‌ڵێت "ئێمه‌ له‌ئێستادا پشكی هه‌رێم ناده‌ین، واتا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ناده‌ین، كه‌ به‌های 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ وه‌ك یاسا".
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولاش، عادل عه‌بدولمه‌هدی وتی "ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ وه‌ك خه‌ڵكی یه‌ك وڵات نیازپاكی خۆمان نیشان بده‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان".
رۆژی 16ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌میندارێتی گشتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بڕیاری دا به‌ راگرتنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌دا.
رۆژی 19ی مانگیش شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌سه‌ر پرسه‌كانی بودجه‌، شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم، نه‌وت، وزه‌، ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ گفتوگۆ و دانوستاندنیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای حكومه‌تی عیراق ئه‌نجامدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group