لیستێكی نوێی كاندیدانی حكومەتەكەی كازمی بڵاوكرایەوە و كاندیدی دارایی تێدا نییە

02/05/2020 عێراق

نەوا
لیستێكی نوێی ناوی كاندیدانی كابینەكەی مستەفا كازمی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق بۆ پۆستە وزارییەكان بڵاوكرایەوە و كاندیدی وەزیری دارایی، كە بڕیارە بە كورد بدرێت و پشكی پارتییە، بە بەتاڵی ماوەتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەیەك، كە لە میدیاكانی عیراقەوە بڵاوبوەتەوە و بە فەرمی پشتڕاستنەكراوەتەوە، ناوی كاندیدانی حكومەتەكەی كازمی بۆ پۆستە وزارییەكان ئاشكراكراوە و تەواوی وەزارەتەكان كاندیدیان بۆ یەكلاكراوەتەوە، جگە لە وەزارەتی دارایی، كە بڕیارە بدرێت بە كورد و پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، پێشتریش شیعەكان داوای گۆڕینی فوئاد حسێن-یان دەكرد و دیارنییە لەوبارەیەوە دوایین پێشهات چییە.
قسەی جیاوازیش لەسەر وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ هەن، هەندێك میدیا بڵاویانكردوەتەوە، كازمی كاندیدەكانی یەكلاكردوەتەوە و رازیبونی لایەنە سیاسییەكانی ماوە، بەڵام بەشێك لە سەرچاوەكانی هەواڵ و كەسایەتییە سیاسییەكانی دیكە دوپاتیدەكەنەوە، جگە لە وەزارەتی دارایی، وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگریش تائێستا بێ كاندیدن، كە بەرگری پشكی سوننەكانە و ناوخۆ دەدرێت بە لایەنێكی شیعی.
بڕیاریشە ئەم ئێوارەیە لایەنە شیعییەكان لەسەر ئەو لیستە نوێیەی كاندیدانی حكومەتەكەی كازمی كۆببنەوە و بڕیاری لەبارەوە بدەن.
مستەفا كازمی لە رۆژی 9ی نیسان بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپێردرا، بەپێی مادەی 76ی دەستوری عیراق، 30 رۆژی لەبەردەستە بۆئەوەی كابینەكەی پێشكەشی پەرلەمان بكات و دەنگی لەسەربدرێت.
رۆژی چوارشەممەی رابردوش، كازمی ئاشكرایكرد، كارنامەی كابینە وزارییەكەی رەوانەی پەرلەمان كردوە، كارنامەكەش لەلایەن محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عیراقەوە وەرگیراوە و چاوەڕێی كاندیدانی حكومەتەكەی دەكەن، بۆ دیاریكردنی كاتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر كابینەكە و كارنامەكەی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group