روسیا.. زۆرترین توشبوی كۆرۆنا لە ماوەی 24 كاتژمێردا تۆماركرا

02/05/2020 جیهان

نەوا
دەسەڵاتدارانی تەندروستی روسیا بڵاویانكردەوە، لەماوەی 24 كاتژمێری رابرودا 9 هەزار و 923 توشبو و 57 گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا تۆماركراوە، ئەوەش زۆرترین رێژەیە لە 24 كاتژمێردا تۆماركرابێت. لە هیندستانیش ژمارەكان بەردەوامن لە بەرزبونەوە.
ژوری پرۆسەكانی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە روسیا لە بڵاوكراوەی رۆژانەیدا باسی لەوەكردوە، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردودا نۆ هەزار و 623 توشبوی ڤایرۆسەكە لە وڵاتدا تۆماركراوە و بەوەش ژمارەی توشبوان گەیشتوەتە 124 هەزار و 54 توشبوو.
هەروەها 57 توشبوی دیكە لەهەمان ماوەدا گیانیانلەدەستداوە بەوەش كۆی ئەوانەی بە پەتاكە مردون گەیشتوەتە هەزار و 222 كەس.
لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی تەندروستیی هیندستان بڵاویكردوەتەوە، دوو هەزار و 293 توشبوی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەماوەی 24 كاتژمێری رابردودا تۆماركراون، بەوەش كۆی گشتی توشبوان گەیشتوەتە 37 هەزار و 336 كەس، هەروەها 71 توشبو گیانیانلەدەستداوە و كۆی گشتی قوربانییەكان گەیشتوەتە هەزار و 218 كەس.
ژمارەكان لە سەرتاسەری جیهانیشدا تا كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی رۆژی شەممە 2-5-2020 گەیشتونەتە سێ‌ ملیۆن و 413 هەزار و 169 توشبو، لەو ژمارەیەش 239 هەزار و 711 كەس گیانیانلەدەستداوە و یەك ملیۆن و 86 هەزار و 525 توشبوش چاكبونەتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group