یانەكەی ئەردۆغان بووە پاڵەوانی توركیا بەڵام تائێستا هاندەری نییە!

27/07/2020 وەرزش

نەوا
تیمی یانەی "ئیستانبوڵ باشاك شاهیر"ی توركی بۆ یەكەمجار بووە پاڵەوانی خولی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، بەڵام ئەو یانەیە، كە نزیكن لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆمارەوە، بەپێَچەوانەی یانەكانی ترەوە لە شتێكی كەمە، ئەویش هاندەرە.
ئیستانبوڵ باشاك شاهیر، كە بە یانەی پارتی داد و گەشەپێدان "ئاكەپە" و سەرۆكەكەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان" دادەنرێت، هەفتەی رابردو بوە پاڵەوانی خولی توركیا دوای ئەوەی 69 خاڵی كۆكردەوە و سەرەڕای ئەوەی یاری كۆتایی خولەكەی بەرانبەر یانەی قاسم پاشا دۆڕاند.
رەخنەگران باس لەوەدەكەن یانەكە تەنها پرۆژەیەكی تایبەت بە ئەردۆغانە، بەتایبەتی كە لە ساڵی نەوەدەكان دروستكراوە كاتێك سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ بوە، بەڵام لەساڵی 2014 بەو شێوەیەی ئێستای لێهاتوە.
یانەكەی ئەردۆغان ئەو قۆرخكاریەی شكاند، كە بە "سێ‌ گەورەكە" ناسرابو و بە نۆرە دەبونە خاوەنی خولی توركیا، كە ئەوانیش یانەكانی "بێشكتاش، گەڵەتەسەرای و فەنەرباخچە" بون، بەڵام لە ساڵی 2014ەوە "ئیستانبوڵ باشاك شاهیر" توانی پلەی چوارەمی خولی توركی بگرێت، زۆرینەی رەخنەگران و شیكەرەوان دەڵێن، هۆكاری سەركەوتنی یانەكە ئەوەیە ئەردۆغان پشتگیری دەكات و پارەی بۆ دابین دەكات.
لای خۆیەوە "ئەلپ ئۆلاغای" رۆژنامەوانی تایبەت لە كاروباری تۆپی پێی توركیا بە رۆژنامەی "زە ناشناڵ"ی وتوە، خەڵك پێیانوایە "باشاك شاهیر" لقی تۆپی پێی "ئاكەپە"یە، ئەگەر ئەردۆغان و حزبەكەی هەڵبژاردن بدۆڕێنن ئەوا یانەكەش توشی نەهامەتی دەبێت.
"باشاك شاهیر" یانە خۆشەویستەكەی ئەردۆغانە، بەڵام شكستیهێناوە لەوەی هاندەر لە خۆی كۆبكاتەوە، سەرەڕای ئەو ئەنجامانەی بەدەستیدەهێنێت، بە جۆرێك لە یارییەكانیدا هاندەرانی لە دوو هەزار و 900 كەس تێناپەڕن، كە ئەوەش ژمارەیەكی زۆر كەمە و یانەكانی دیكە هەزاران هاندەر ئامادە دەبن بۆ بینینی یارییەكانیان، شارەزایانیش پێیانوایە ئەستەمە ئەو یانەیە بتوانێت لەسەر سەركەوتنەكەی بەردەوام بێت بەبێ‌ بنكەیەكی جەماوەریی گەورە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group