وەزارەتی دارایی عیراق وەلامی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم دەداتەوە

25/09/2020 عێراق

نەوا
وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانی دایەوە دەربارەی بە قاچاخبردنی نەوت و تیایدا هاتووە، ئەو وەزارەتەی هەرێم وەڵامی كۆپییەكی شێواوی لێدوانەكانی وەزیری دارایی حكومەتی فیدراڵی داوەتەوە.
دوای ئەوەی چاوپێكەوتنێكی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عیراق بڵاوكرایەوە كە تیایدا هاتبوو، هەرێمی كوردستان بووەتە سەرچاوەیەك بۆ بە قاچاخبردنی نەوت و ئەوەش كێشەی بۆ پابەندبونی عیراق بە رێككەوتنەكەی رێكخراوی ئۆپێكەوە بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دروستكردووە".    وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم وەڵامی ئەو لێدوانانەی دایەوە و لە ڕاگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردبوو: "ئەو جۆرە پڕوپاگەندانە بێ بنەما و بێ بەڵگەن و باشترە عێراقیش وەك هەرێمی كوردستان بە شەفافانە وردەكارییەكانی بەرهەمهێنانی نەوت ئاشكرابكات". 
لەبەرامبەردا وەزارەتی دارایی عێڕاق لە وەڵامی ئەو ڕاگەیەندراوەی هەرێمدا بڵاویكردوەتەوە، بەداخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی كۆپییەكی شێواوی قسەكانی وەزیری دارایی داوەتەوە كە ورد نییە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەنجامی هەڵەی لێ هەڵێنجراوە.  
وزارەتی دارایی تەئكیدیشی كردووەتەوە، دەقی چاوپێكەوتنەكە لە تۆڕی "یوتیوب" هەیە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆی دەردەكەوێت كە ئەو لێدوانانەی دراوەتە پاڵ وەزیری دارایی بە شێوەیەكی نادروست گەیەنراوە.  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group