نوێترین زانیاری له‌باره‌ی کارەکانی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراق ده‌خرێته‌ڕوو

14/01/2021 عێراق

نه‌وا

هه‌رچه‌نده‌ زیاتر له‌ ساڵێک بەسەر پێکھێنانی لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەمەبەستی ئامادەکردنی پێشنیازەکان بۆ ھەموارکردنەوەی دەستوور تێپه‌ڕیووه‌، بەڵام له‌ئێستادا کارەکانی لیژنەکە وەستاوەن، ئه‌ندامێكی لیژنه‌كه‌ش ده‌ڵێت، ماددەی ١٤٠ی دەستوور بووەتە ئاستەنگ و ناکۆکیی سیاسیی لەنێوان دەسەڵاتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێم ھۆکارێکی دیکەی پەککەوتنی کارەکانی لیژنەکەیە.

 یونادەم یوسف کەننا، ئەندامی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستوور، بە رۆژنامەی "سەباح"ی راگەیاندووە، کارەکانی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستوور زۆر دواکەوتووە، ده‌شڵێت، ماددەی ١٤٠ی دەستوور بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم تەواوکردنی کارەکانی لیژنەکەیان و کۆبوونەوەکانی لیژنەکە بەھۆی ئەو ماددەیەوە وەستاوەن، ھەروەھا ناکۆکیی سیاسیی لەنێوان دەسەڵاتی فیدڕالی لە بەغدا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر ھۆکارێکی دیکەی پەککەوتنی کارەکانی لیژنەکەیە.
به‌وته‌ی یونادەم یوسف کەننا، بڕیاربوو کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرکردە سیاسییەکان و لیژنەی ھاوبەش لە پێکھاتە سەرەکییەکانی پارێزگای کەرکووک بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ماددە دەستووریە ئەنجام بدرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "ھەموارکردنەوەی دەستوور لەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام نادرێت، چونکە ئەگەر ھەموارکردنەوەکەش بکرێت پێویستی بە دەنگدان دەبێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمەش کارێکی سەختە".
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستوور پێشتر لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی ماددەی ١٤٠ بە شێوازێکی نوێ رێککەوتوون، بەڵام نوێنەرانی پارێزگای کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو بابەتەیان رەتکردەوە و ئەمەش بووە ھۆی مانەوەی ماددەکە وەک خۆی، ھەربۆیە ماددەکە ھیچ گفتوگۆیەکی لەبارەوە نەکراو و نەخرایە دەنگدانەوە.
ئەندامه‌كه‌ی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستوور راشیگەیاندوه‌، ئەو راپۆرتەی کە دەبوو لەلایەن سەرۆک و بڕیاردەری لیژنەکەوە ئامادەبکرێت، تاوەکو ئێستا نەنووسراوە و ئامادە نەکراوە.
جێی ئاماژه‌یه‌ رۆژی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ خۆپیشاندانەکانی ئەو کات، کە لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەڕێوەدەچوون، بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ ھەموارکردنەوەی دەستوور و بەپێی بڕیاری پێکھێنانی لیژنەکە، پێویست بوو لیژنەکە لەماوەی چوار مانگدا کارەکانیان تەواو بکەن و راسپاردەکانیان ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group