"حکوومەت ھەر کەسێک بە نایاسایی یاخود ناشایستە پلەیەکی وەرگرتبێت، لێی وه‌رده‌گرێته‌وه‌"

10/06/2021

نه‌وا

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ھەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، حکوومەتی ھەرێم لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا ھەموو وەزارەتەکانی راسپاردووە، بۆ ئەوەی وردبینی لە دۆسیەی فەرمانبەراندا بکەن و ھەر کەسێک بە نایاسایی یاخود ناشایستە پلەیەکی وەرگرتبێت، لێی وەربگیرێتەوە. ئەندامێکی لیژنەی داراییش دەڵێت، بە ئەنجامدانی ئەو کارە، داھاتێکی زۆر باش بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە.

 حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان، له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، یەکێک لە خاڵەکانی یاسای چاکسازی ئەوەیە، کە بە نایاسایی یاخود ناشایستە ھەر پلەیەکی وەرگرتبێت لە ھەر وەزارەتێک یاخود دامودەزگایەک لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێویستە لێی وەربگیرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو پلەیەی کە شایستەیەتی.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ھەموو وەزارەتەکان راسپێردراون کە پێداچوونەوە بە دۆسیەی سەرجەم فەرمانبەراندا بکرێت و وەزارەتەکانیش بەردەوام کار لەو بارەیەوە دەکەن و بەشی زۆریان کاری خۆیان تەواو کردووە، کە سەرجەم فەرمانبەران تەواو بوون، ئەوکان لیژنەی باڵای چاکسازی بڕیاری لەسەر دەدات.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ھەرێمی کوردستان وتیشی، ھەر وەزارەتێک کاری خۆی لە پێداچوونەوە و وردبینی تەواو بێت، بۆ لیژنەی باڵا بەرز دەکرێتەوە و ئەوەی کراویشە راستە ھێشتا ئامارێکی ورد نییە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر بەو شێوەیە ھەن کە بە نایاسایی یان ناشایستە پلەیان وەرگرتووە، چونکە ئێمە ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەری مەدەنی و سەربازیمان ھەیە کە سەرووی  ٨٠٠ھەزار کەسن، بەڵام لە داھاتوویەکی نزیکدا پرۆسەکە تەواو دەبێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی دادپەروەری.
رونیشیكردۆته‌وه‌، ئەو بڕیارە لە خوار پلە  تایبەتەکان دەگرێتەوە، لە پلەکانی ٩ و ٨ تا دەگاتە پلەی یەک، ئەوەی موستەحەق نەبێت، پلەکەی لێ وەردەگرنەوە، چونکە ئەمە لە یاسای چاکسازیدا ھاتووە و پێویستە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، بەڵام ھەندێک وردەکاریی تێدایە و پێویستە یەکلا بکرێتەوە.
ئەحمەد ئەنوەر جه‌ختیشكردۆته‌وه‌، ناکرێت ھەیە بڕوانامە و خزمەتیان وەکو یەکە و پلەی یەکێک لەوەی دیکە بەرزتر بێت، چونکە ئەمە نادادپەروەرییە و پێویستە وەکو یەک بن.
لای خۆشیەوە، ئەرشەد حوسێن، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، ئەگەر حکوومەت ئەو کارە تەواو بکات، کە ئێستا کاری وردبینی دەکات، داھاتێکی زۆر باش بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەمەش کاتی دەوێت تا تەواو دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group