بنێشتێك بە رێژەی 95% گواستنەوەی كۆرۆنا كەمدەكاتەوە

25/11/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
زانایانی ئەمریكی ئاشكرایان كرد، جۆرە بنێشتێكیان دروست كردووە كە مرۆڤەكان لە توشبوون بە كۆرۆنا دەپارێزێت و رێگەنادات كەسی توشبوو ڤایرۆسەكە بگوازێتەوە.
زانایانی زانكۆی "پنسلڤانیا" لە توێژینەوەیەكدا بڵاویان كردووەتەوە، داهێنانەكەیان بنێشتێكە كە وەك تۆڕێكی رێگری كردن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كار دەكات، تامی بنێشتەكە هەروەك بنێشتی سروشتی وایە.
ئەوەش هاتووە، ئەو كەسانەی توشبوو و یاخود هەڵگری كۆرۆنان لەكاتی بەكارهێنانی بنێشتەكە دەتوانن لە نزیك كەسانی ترەوە هەناسە بدەن و قسە بكەن و بكۆكن، چونكە رێگەنادات ڤایرۆسەكە بگوازنەوە.
سەبارەت بە پێكهاتەی بنێشتەكە باس لەوە كراوە، كۆپییەكی پرۆتینی ACE2ی تێدایە كە ڤایرۆسەكە بەكاری دەهێنێت بۆ بەئامانج گرتنی خانەكان، بەڵام ڤایرۆسەكە خۆی بەو پرۆتینەی بنێشتەكەوە دەلكێنێت و دەیكاتە ئامانج، ئەوەش بە رێژەی 95% گواستنەوەی كۆرۆنا كەمدەكاتەوە.
تاوەكو ئێستا بنێشتەكە ئامادە نییە بۆ بەكارهێنان، بەڵام رێگەیەكی مژدە بەخشە بۆ سنوردار كردنی گواستنەوەی كۆرۆنا و پاراستنی كەسانی تر لە توشبوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group