بەهۆی كێشەی نێوان دوو برا 5 كەس لە شارۆچكەی رزگاری كوژران

14/05/2022

نەوا-
بەهۆی شەڕی نێوان دوو براوە لە شارۆچكەی رزگاری سەربە قەزای خەباتی سەربە پارێزگای هەولێر، 5 كەس كوژران و دوو تۆمەتباریش بە برینداری دەستگیر كراون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویكردووەتەوە، كاتژمێر 7:30 خولەكی ئێوارەی رۆژی هەینی روداوێكی شەڕكردن لە گوندی كەورەبەن لە سنوری شارۆچكەی رزگاری لە قەزای خەبات لە نێوان دوو برا روویداوە.
ئەوەش هاتووە، پاش گەیشتنی پۆلیس دەركەوت كەوا لەسەر كێشەی زەوی لە نێوان مام و سێ برازا دەبێتە دەمەقاڵێ و گرژی لەنێوانیان رودەدات، لەم نێوەندەدا لە لایەنی یەكەم 4 كەس كوژراون و لە لایەنی دووەم كەسێك كوژراوە، دوو تۆمەتباریش كە بریندار بوون لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر كراون.
بەپێی راگەیەنراوەكەی پۆلیسی هەولێر، لەكاتی ئێستادا پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەو روداوە كردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی رێكاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارانی تاوانەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group