راپۆرتێكی رۆیتەرز: متمانەی خەڵك بە هەواڵ كەمبووەتەوە

15/06/2022 هەمەڕەنگ

نەوا-
بەپێی راپۆرتێك متمانەی خەڵك لە جیهاندا بە هەواڵەكان دابەزیوە و زۆرێك لە خەڵك پێیان وایە، دەزگا راگەیاندنەكان كاریگەری سیاسییان بەسەرەوەیە.
پەیمانگای رۆیتەرز بۆ توێژینەوە رۆژنامەوانییەكان لە راپۆرتی ساڵانەیدا بڵاویكردووەتەوە، بەپێی راپرسییەك 38%ی خەڵك لە زۆربەی كاتەكاندا خۆیان لە هەواڵ دوور دەخەنەوە لەكاتێكدا لە ساڵی 2017 رێژەكە 29% بووە، هەروەها 36%ی خەڵك بەتایبەتی ئەوانەی كە تەمەنیان لە 35 ساڵ كەمترە، هەواڵ دەبێتە هۆی تێكدانی باری دەرونییان، زۆرینەی خەڵك خۆیان لە هەواڵە گرنگەكانی وەك بابەتی پەتای كۆرۆنا و شەڕی ئۆكرانیا و بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و شمەك دەدزنەوە.
بەپێی هەمان راپۆرت، لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا متمانە بوون بە هەواڵ لە نزمترین ئاستیدایە، تەنها 42%ی بەشداربووان متمانەیان بە زۆرینەی هەواڵەكان هەیە، ئەو ژمارەیە لە چەندین وڵات كەمتریشە و لە 7 وڵاتی تردا رێژەكە زیاترە.
لای خۆیەوە راسمۆس كلیس نیڵسن بەڕێوەبەری پەیمانگای رۆیتەرز وتویەتی، زۆركەس پێیان وایە كە دەزگاكانی راگەیاندن كاریگەری سیاسی ناپەسەندیان لەسەرە، تەنها كەمینەیەك پێیان وایە كە دامەزراوە هەواڵییەكان بەرژەوەندی كۆمەڵگە دەخەنە پێش بەرژەوەندی بازرگانی خۆیان.
راپۆرتەكەی رۆیتەرز ئەوەشی تێدا هاتووە، ئەو كەسانەی تەمەنیان كەمە زۆرینەی هەواڵەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك تیكتۆك وەردەگرن و پەیوەندییان لەگەڵ دامەزراوە میدیاییەكاندا لاوازە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group