قائیمقامیەتی سلێمانی 400 كیلۆ نانەقەیسی لەناودەبات

19/03/2023

نەوا-
بەهۆی خراپ عەمباركردن و نەشیاوی بۆ خواردن، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستی بەسەر بڕێكی زۆری نانەقەیسیدا گرت.
لە راگەیەنراوێكدا قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە، لەئەنجامی سەردانە بەردەوامەكانی لیژنەكانیان بۆ دوكان و بازاڕو شوێنە گشتییەكان و پشكنینی ئەو كاڵاو شمەك و خواردەمەنیانەی لەلایەن بازرگان و دوكاندارەكانەوە بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێن، دەستیان بەسەر زیاتر لە 400 كیلۆنانەقەیسی خراپبودا گرتوە.
راشیگەیاندوە، بەپێی راپۆرتی لیژنەكەیان هۆكاری خراپبونی نانەقەیسیەكە بۆ نەشیاوی كۆگاكەو شوێن و خراپ عەمباركردنەكەی دەگەڕێتەوەو خاوەنەكەشی بەنیازبوە لەمانگی رەمەزانی پیرۆزدا بەسەر هاوڵاتیاندا ساغیبكاتەوە.
راپۆرتەكە ئەوەشیخستوەتەڕو، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی نانەقەیسییەكە لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبون لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group