دەستەی‌ راوێژكاری‌ یەكێتی‌ ئەوروپا خولێكی بۆ ئەفسەرانی پۆلیسی سلێمانی كردەوە

01/06/2023
نەوا - 
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دەستەی‌ راوێژكاری‌ یەكێتی‌ ئەوروپا بۆ عیراق خولێكی‌ راهێنان بۆ ئەفسەران‌ و كارمەندانی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ دەكاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە بڵاویكردووەتەوە، بەناونیشانی‌ (راوێژكاری‌ ستراتیژی‌ بۆ هێزەكانی‌ پۆلیس ‌و كۆمەڵگەی‌ دیموكراسی‌)، دەستەی‌ راوێژكاری‌ یەكێتی‌ ئەوروپا بۆ عیراق خولێكی‌ چوار رۆژی راهێنان بۆ ئەفسەران ‌و كارمەندانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ كردەوە.
ئەوەش هاتووە، خولەكە لەلایەن سێ پسپۆڕ و راهێنەرەوە بەڕێوەبرا كە ئەزمونی‌ زیاتر لە 30 ساڵیان هەیە لەوڵاتانی‌ هۆڵندا و فینلەندا و سوید و لەبەرزترین پلەی‌ پۆلیسی‌ ئەو وڵاتەنەدا كاریانكردووە، ئامانج لەخولەكە چاكسازیی ‌‌و بەرەوپێشبردنی‌ دامەزراوەكانی‌ پۆلیس ‌و هێزەكانی‌ ناوخۆ بوو بە ئاراستەی‌ خزمەتكردنی‌ زیاتری‌ كۆمەڵگە، هەروەها خولەكە چەندین تەوەری‌ جیاوازی‌ لەخۆگرتبوو لەبواری‌ هەماهەنگی ‌‌و چاكسازی‌ لەكەرتی‌ هێزەكانی‌ ئاسایش ‌و چاكسازی‌ لەدامەزراوەكان ‌و كۆنترۆڵكردنی‌ تاوانەكان‌ بەگشتی‌‌ و تاوانی‌ رێكخراو بەتایبەتی‌.
پۆلیسی سلێمانی جەختی لەوەش كردووەتەوە،خولەكە ماوەی‌ چوار رۆژ بەردەوام بوو تێیدا ژمارەیەك لە ئەفسەران‌ و كارمەندانی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لەسەرجەم بەش‌ و بنكەكان بەشداریان تێداكرد، لەكۆتاییشدا بڕوانامە بەسەر بەشداربواندا دابەشكرا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group