لە رۆژی ژینگەی هەولێردا جەخت لە پاراستنی ژینگە كرایەوە

22/02/2024

نەوا-
لە رۆژی ژینگەی هەولێر جەخت لە پاراستن و پاك راگرتنی ژینگەی شارەكە كرایەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لە دیوانی پارێزگای هەولێر بە ئامادەبونی ئومێد خۆشناو پارێزگارو  عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەیەك ئەنجامدراوە.
راشگەیەنراوە كە باس لە پرسی ژینگەی هەولێرو چۆنیەتی پاراستن و زیادكردنی رێژەی سەوزایی و پاك راگرتنی ژینگەی شار كراوە، جەختیان كردۆتەوە كە پرسی ژینگەو پاراستنی ژینگە بكرێت بە بابەتێكی كلتوری و سەرجەم تاكەكانی وڵات تێیدا بەشداربن، تاوەكو ببن بەخاوەنی شارێكی جوانترو هەواو ژینگەیەكی پاك و تەندروست.
لەپاش كۆبونەوەكەش لە پرێس كۆنفرانسێكدا سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم تیشكی خستەسەر ئەوەی كە لە هەرێمی كوردستان لەپێناو گرنیدان و پاراستنی ژینگە لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێم رۆژی 22ـی شوباتی هەمو ساڵێك بە رۆژی ژینگەی هەولێر دیاریكراوەو لەم رۆژەدا چەندین چالاكی جۆراو جۆری ژینگەیی ئەنجامدەدرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group