سەعدی پیرە: بەبێ لایەنەكانی تر لەكەركوك هیچ ئیدارەیەك پێكناهێنین

04/03/2024

نەوا-
یەكێتی و پارتی لەكەركوك كۆبونەوەو دیاریكردنی كەسێك بۆ پارێزگاری شارەكە تائێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
بەرپرسانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەشاری كەركوك كۆبونەوە، دوای كۆبونەوەكە محەمەد كەمال لێپرسراوی لقی پارتی لە كەركوك لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، دەیانەوێت لەگەڵ یەكێتی پێكەوە كاربكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك، كەسێك دەستنیشان دەكەن بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كە كورد بێت و جێگەی رەزامەندی كەركوكییەكان و هەمو پێكهاتەكان بێت.
لەلایەن خۆشیەوە رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك رایگەیاند، 75٪ی كارەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی تەواو بون، ئەوەی دیكە دەبێت سەرەتا ئەنجومەنی پارێزگاكە كارابكرێت و دەیانەوێت هەمو لایەنەكان بەشدارییەكی جدی لە حكومەتی خۆجێی كەركوكدا بكەن.
هەر لەسەر هەمان پرس سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی، ئێمە بڕیارێكی هاوبەشمان هەیە كە دەبێت پارێزگاری كەركوك كورد بێت، چونكە بە ژمارەش دەنگی كورد زیاترە، دواتریش ئەگەر بە شایستەی هەڵبژاردن بێت دەبێت هی یەكێتی بێت و ئەویش دایبنێت یاخود پێشنیاری بكات ئەوەش دەمێنێتەوە سەر لایەنەكان كە پێویستە دابنیشین و رێكبكەوین. 
سەعدی پیرە راشیگەیاند: ئێمە ئەو بابەتەمان بە لایەنەكانی توركمان عەرەبییەكانیش وتوە ئێمەو پارتی بڕوامانوایە ئەگەر هەر 16 كورسییەكە كوردی بن ئێمە بەبێ لایەنەكانی تر لەكەركوك هیچ ئیدارەیەك پێكناهێنین، دەبێت هەمو لایەنەكان لە ئیدارەی كەركوك بەشداربن وەكو ئەوەی لە یاساكەدا هاتوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group