سەركردەیەكی هاوپەیمانی: لە گەڵ ئەوەدا نین هێزەكان لە ناو یەكتردا بتوێنەوە

14/09/2018
حەسەن بارام، بەرپرسی دامەزراوی راگەیاندنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری رایدەگەیەنێت، هاوپەیمانیەكەیان پرۆژەیەكی بەردەوامە و لە ئێستادا سەرقاڵی خۆرێكخستنەوەیە، دەشڵێت، بەرهەم ساڵح لە ناو هاوپەیمانیدا كاندید نییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.
حەسەن بارام،  بە میدیای هاوپەیمانیەكەی راگەیاندووە"هاوپەیمانی پرۆژەیەكی هەمەچەشنە، جوڵانەوەیەكی بەردەوامە، دەیەوێت خۆی رێكبخاتەوە، لەرێگەی چەندین لیژنەی باڵاوە كار بۆ ئەوە دەكات خۆی رێكبخاتەوەو خەریكی رێكخستنەوەی دامودەزگا و دامەزراوەكانی هاوپەیمانی و دەڤەر و بازنەكانیەتی، چونكە هاوپەیمانی  پرۆژەیەكی بەردەوامە". 
ئەوەشی وت، لەبنەڕەتدا پرۆژەی هاوپەیمانی بۆ ئەوەیە بتوانرێت هێز و لایەنە كوردستانیەكان لە دەوری هاوپەیمانێتیەكی گەورە كۆببنەوە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و بنیاتنانی وڵات لە هەموو بوارەكاندا. 
ئاماژەی بەوەشكرد، هاوپەیمانی لەگەڵ هەموو لایەن و حزبە كوردستانیەكان لە گفتوگۆدایە بۆ دروستبوونی كۆدەنگی  لەسەر پرۆژە نیشتیمانیەكان، نەك تواندنەوەی هێزەكان لەناو یەكتردا، چونكە كوردستان بەرگەی ململانێ و پێكدادان و سیاسەتی هەڵەی دیكە ناگرێت. 
حەسەن بارام سەبارەت بە كاندیدبوونی د.بەرهەم بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئاماژەی بەوەكرد لەناو هاوپەیمانیدا بەهیچ شێوەیەك كاندید نیە بەڵكو لەناو هێز و لایەنە سیاسیە عێراقیەكاندا بەپێویستی دەزانن كەسایەتیەكی هاوسەنگ سەرۆكایەتی عێراق بكات و چەندین لایەن و هێز ئەو بابەتەیان خستووەتەڕوو. 
ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بە فەرمی لایەنەكان ئەو داوایە لە بەرهەم ساڵح بكەن لە داهاتوویەكی نزیكدا هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری لەو بارەیەوە قسەی خۆی دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group