‎كوردەكانی بەریتانیا هەمان هەڵەی ئەمریكایان كرد

كوردستان ئەحمەد

15/12/2019

‎كاتێك دۆناڵد ترەمپ و هیلاری كلنتن، كاندیدبوون بۆ سەرۆكی ئەمریكا، هیچ كەس دۆناڵد ترەمپی نەدەناسی بەتایبەت كورد، بەڵام هیلاری كلنتن زۆر بەباشی دەناسرا، كوردیش ئاگای لە هیلاری هەبوو دورو نزیك، ئەوكاتە دۆناڵد ترەمپ، كەم و زۆر هیچی لەسەر كورد نەدەزانی، بەڵام هیلاری ئاشنایی هەبوو بە كورد بەبۆنەی هاوسەرەكەی بن كلنتۆنەوە.
‎بەشێكی زۆر لە كوردەكانی ئەمریكا، دەنگیان بە هیلاری كلنتن دا و بەشداربوون لەكەمپینەكەی هیلاری، پێیان وابوو ترەمپ بۆ كورد خراپە وهیچ بۆ خەڵكەكەیان ناكات، بەڵام بینیمان كاتێك دۆنالد ترەمپ بوو بە سەرۆكی ئەمریكا، تەنها لە مانگێكدا ٣٨ جار ناوی كوردی هێنا، ڕەنگە ئەمە لای خەڵك گرنگ نەبێت، بەڵام لەڕاستیدا باشترین كارێكە كە ترەمپ بۆ كوردی كردبێت.
‎ڕەوەندی كوردی لە ئەمریكا، هەڵەیەكی گەورەی كرد، لەبەرئەوەی نەیتوانی لە چوارچێوەی ناوێكی دیاریكراودا،  لە چوارچێوەی گروپێكدا وەك لۆبیەكی بەهێز كۆببێتەوەو بكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ سەرپەرشتاری كەمپینەكەی ترەمپ بۆئەوەی كە بوو بەسەرۆك كوردی  لە بەرچاو بێت.
‎واتە ئەگەر لۆبی و ڕەوەندی كوردی لە ئەمریكا یەك دەنگ بوایەو یەك ناوی هەبوایەو لە چوارچێوەی زنجیرەیەك بەڵێندا دەنگیان بە ترەمپ بدایە، ئەوا بێگومان ڕەوەندی كوردی كارتێكی بەدەستەوە بوو كە دەیتوانی ڕووبكاتە ترەمپ و بەكاریبهێنێت، بۆ هەر پرسێكی گرنگ، وەك ئەوەی كە لە ڕۆژئاوا یاخود لە كەركوك روویدا.
‎هەرچەندە دەنگدەری كورد لە ئەمریكا هێندە نییە كە كاریگەری هەبێت لەسەر ئەنجامەكان، بەڵام هەر سەنگ و قورسایی خۆی هەیە، ئەگەر وەك تیمێك كارەكە ئەنجام بدات، هەڵبژاردنی هیلاری لەلایەن كوردەوە هەڵە بوو، چونكە كوردەكان كاندیدێكی كەوتویان هەڵبژارد.
‎لەسەرووبەندی هەڵبژاردنەكانی بەریتانیاشدا، كە چارەنوسسازترین هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە بوو، لە سەدەی ڕابردوودا، كورد هەڵەیەكی زۆر گەورەی كرد، نەیتوانی ڕۆڵێكی زۆرباش ببینێت و خۆی بەبەهێزی نیشانبدات.
‎بەهۆی هاوسۆزییەوە بۆ جێرمی كۆربین، كورد لەو وڵاتە دەنگی دا بە پارتەكەی كۆربین، ئەمە تەنها خەڵكە سادەكە نەبوو كە بەهۆی هاوسۆزییەوە دەنگی دا بە جێرمی، بەڵكو موسەقەفین و شارەزایانی كورد و مامۆستاكانی كورد لە بەریتانیا داوایان لە خەڵكی كورد دەكرد دەنگ بە جێرمی بدەن.
‎ئەمە هەڵەیەكی گەورە بوو بە قەبارەی هەڵەكەی كوردی ئەمریكا، هەموولایەك دەیزانی كە جێرمی و هیلاری دەدۆڕێن، بەڵام كورد هەر پشتیوانی ئەو دووانەی كرد، ئەمە هەڵە گەورەكەیە كە لەوەتەی هەیە دووبارەی دەكاتەوە، نەدەبوو سۆز زاڵببێت بەسەر كوردداو بڕیاری هەڵە بدات و خەڵكی هەڵە هەڵبژێرێت.
‎پێویست بوو ڕەوەندی كوردی لە ئەمریكاو بەریتانیا سیاسەتی بكردایە، بەشێوەی لۆبیەكی بەهێز و بەیەكدەنگ بە بۆریس جۆنسن و ترەمپیان بوتایە كە ئێمە دەنگ دەدەین بە تۆ بەو مەرجەی ئەگەر بون بەسەرۆك و براوەبوون ئەوا كورد پشگوێنەخەن و جۆرێك لە پردی پەیوەندی گرنگ دروست بكەن.
‎لەراستیدا لۆبی كوردی لە ئەمریكا و بەریتانیا زۆر لاوازە، كوردی ئەو دوو وڵاتە هێشتا نازانن واشنتن و لەندەن چەندە گرنگە و دەبێت بە بەهێزی مامەڵەی لەگەڵ بكەن و بتوانن لۆبیەكی بەهێزیان لەو دوو وڵاتەدا هەبێت، بۆئەوەی سیاسەتێكی باش بكەن و ببنە پشتیوانی بۆ وڵاتەكەی خۆیان.
لەوانەیە زۆر روون نەبێت لەلای خەڵكی، كە لۆبی چەندە گرنگە، چونكە لۆبی بەهێز دەتوانێت حوكم بكات و بڕیاربدات، بەڵام كورد نەیتوانیوە لەم پرسەدا بەهێز بێت و بچێتە پێشەوە، بۆ نمونە جوەكان خاوەنی لۆبیەكی بەهێزن هەم لە ئەمریكا و هەم لە بەریتانیاش، لە راستیدا هێندە كاریگەرییان هەیە ئەگەر لۆبی جوو لە لەندەن و واشنتن پشتیوانی بۆرس جۆنسن و دۆناڵد ترەمپ-یان نەكردایە بێگومان هیچكامیان نەدەبونە سەرۆك.
‎ئێستا كاتی ئەوەیە كوردەكانی ئەمریكا و بەریتانیا بەوردیی بڕواننە ئەو پرسە و كار لەسەر دروستكردنی لۆبیەكی بەهێز بكەن و ڕۆڵ ببینن لە سیاسەت و حوكمڕانی ئەو وڵاتانەدا، چونكە سیاسەتكردن لە واشنتن و لەندەن واتە سیاسەتكردن لە هەولێر و قامشلۆ.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group