لەبری دزەكان، هێرش بۆسەر دكتۆر هەڤاڵ

عەلی حەمەساڵح

02/01/2020

من ناكۆكم لەگەڵ هەندێك دەربڕینی دكتۆر هەڤاڵ، بەڵام ئەم هێرشكردنە بێ ویژدانییە!
بەڵێ، پارێزگار دەبوو بیگوتبا؛ حكومەتی هەرێم نەوتی خاو ناداتە هەردوو پاڵاوگەی بازیان و كەڵەك و هەردوو پاڵاوگەكە ئیش بۆ حكومەتی عێراق دەكەن و بەنزین و نەوت دەدەنە حكومەتی عێراق.
من شاهیدم پارساڵ بە هەوڵێكی زۆر نەوتی سپی بۆ سلێمانی پەیداكرد..
من لەگەڵ دەربڕینەكەی دكتۆر هەڤاڵ نیم، رەنگە تێبینیم لە سەر زۆر دەربڕینی هەبێت، بەڵام لەم دۆخەی سلێمانیدا دكتۆر هەڤاڵ دز نییە!، ئەمە خۆی دەستكەوتە..
بەڵێ ئاساییە رەخنە لە پارێزگار بگرین، بەڵام چەند كەس باسی ئەوانە دەكات، هەموو شەوێك بە زەبری هێز 70 بارهەڵگر هێلكەی بۆگەنی قاچاخ داخڵدەكەن! هەموو شەوێك 700 هەزار دۆلار لەم میللەتە دەدزن! هەموو كوردستان و میدیا دەزانێت و كەس باسی ناكات!!
هەموو شەو دزیو قاچاخی، هەموان بێدەنگن.
چەند كەس باسی ئەوانە دەكات لە هەر بەرمیلێك نەوت تەنیا 20 دۆلار دەدەنە وەزارەتی دارایی!
كێ باسی ئەو منداڵە بەرپرسانە دەكات بە ناوی كۆمپانیای سكویرتی مانگی ملیۆنێك دۆلار لە خەڵك دەسێنن..
فەرموو بەڵگەنامەیەك بهێنن دكتۆر هەڤاڵ سەنتێكی دزی بێت! لەكاتێكدا سەدان هەزار دۆلاری لە خەڵكی سەرمایەدار وەرگرتوە بۆ خزمەتی ئەم شارە، پارەكەی داوە بە داتاشۆ بۆ قوتابخانەكان و پینەكردنی شەقامەكان...
كەس جورئەت ناكات قسەیەك لەسەر ئەوانە بكات ملیۆنان دۆلاریان بۆ كڕینی سایت و پەیج تەرخانكردوە و خۆیان كردوە بە پاڵەوان و پەلاماری دكتۆر هەڤاڵەكان دەدەن، بەس بپرسن ئەم هەموو پارە لە كوێوە هات؟
دەزانیت تاوەكو ئێستا ماڵی پارێزگار لە قاتی سەرەوەی ماڵی باوكیەتی، لەم گەندەڵخانەی كوردستاندا ئەمە سەروەریە..
دەتوانیت سەعاتێك لە كاتی خۆت بگریت و بڕۆیتە پارێزگاو بزانیت، پارێزگا چۆن نەسریەكەی خەرجدەكات!
كە جورئەت ناكەیت باسی نەوت دزو گومرگ دزەكان بكەیت، لەبەر دەربڕینێك كە بەدڵت نییە و باشیش دەزانیت نەوت لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتی حكومەتە و هی پارێزگار نییە، غەدر دەكەیت بەمشێوەیە هێرش دەكەیتەسەر كەسێك دڵنیایت لەم واقعە تاڵەی كوردستاندا دز نییە..
تێبینی: كێ رۆژێك بەڵگەی لەسەر گەندەڵییەكی دكتۆر هەڤاڵ هەبوو من یەكەم كەسم دژی دەوەستمەوە و دەیدەمە دادگا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group