من و كوڕەكەی سەرۆك

هۆزان شەریفی

19/07/2020

من و كوڕەكەی سەرۆك دوو مرۆڤی ئافراوی یەك نەتەوە، یەك زمان و یەك ڕەگەزین. جیاوازی تەمەنمان تەنها 2 بەهارە و من لەم نیشتمانە بێ نازە چاوم بە دونیا هەڵهێنا، بەڵام وای بۆ ناچم كوڕەكەی سەرۆك لە هەمان نیشتمان چاوی گەشی بە دونیای ڕۆشن هەڵهێنابێ.
ئێستا هەردووكمان خوێندكاری زانكۆین، بەڵام من لە زانكۆیەكی ئاسایی حكومی دەخوێنم كە تەنها پارچە كاغەزێكم لێی دەست دەكەوێ بەناوی بڕوانامە. كوڕەكەی سەرۆك لە زانكۆیەك دەخوێنێ كە لە ڕاستیدا لە هیچ ڕوویەكەوە ناتوانم بەراوردی بكەم لەگەڵ ئەو زانكۆیانەی من ئاشنایانم و نازانم سیستمی زانكۆی كوڕەكەی سەرۆك لە چیدا یەكدەگرێتەوە لەگەڵ زانكۆكەی من.
من كوڕی پیاوێكی هەژارم، باوكی من خۆشییەكانی ژیانی وەلا ناوە بۆ ژیانی من، فێری سەربەرزی و شكۆمەندیم دەكات و وانەكانی ژیانم فێردەكات بەوەی دەبینم بۆ ژیانێكی سادە خەو و پشوودانی لە خۆی قەدەغە كردووە تا سەرشۆڕی كەس نەبم و تێبگەم ژیانێكی كورت شایەنی ئەوە نییە كەرامەتی بۆ بدۆڕێنم. كوڕەكەی سەرۆك خاوەنی باوكێكی میهرەبانە كە سەرۆكی حكومەتە و جار جارە كوڕە ئازیزەكەی لەگەڵ خۆی دەباتە بۆنە فەرمییەكانی حكومەت، باوكی ئەو هەموو دونیا دەخاتە بەردەستی. نانی هەژاران دەبات و دەرخواردی كوڕەكەی ئەدا، گیرفانی باوكی من ئەبڕێت و دەیخاتە دەستی كوڕە خۆشەویستەكەی. كوڕەكەی فێر دەكات لە دوای خۆی وڵاتەكە بەرێت بەڕێوە، ئەو كوڕەكەی فێردەكات بەرژەوەندی گەل و نیشتمان لە دوای بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵەكەیەتی و لای ئاسایی بێت بۆ مانەوەی خۆی بە سەرۆكی، مامەڵە بە ژیانی هەژارانەوە بكات. فێری دەكات وڵات فرۆش و نۆكەری دوژمنانی گەل بێت، چونكە دوژمنانی گەل نهێنی مانەوەی دەبن.
من هەرچیم بوێ سەرەتا خەونی پێوە دەبینم، خەیاڵ و ئەندێشەكانم بۆ لای گۆش دەكەم. بەڵام كوڕەكەی سەرۆك تەنها بۆ بە دەستهێنانی پێویستە بە چەند وشەیەك فەرمان بكات و دونیا بهێننە خزمەتی. من بە پێ و پاس و ئۆتۆمبێلەكەی باوكم هاتوچۆ دەكەم و بە تەنها بۆ هەر كوێ بمەوێ دەچم، بەڵام كوڕەكەی سەرۆك پێویستی بە ڕەتڵێك ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و دەیان پاسەوانە ئەگەر تا مۆڵێك بڕوات، چونكە ئەو كوڕی سەرۆكی كوردانە و ڕەنگە دوژمنانی گەل زەفەری پێ بێنن و تیرۆری بكەن.
ئەو خاوەنی هەژماری بانكییە كە بە دەیان ملیۆن دۆلاری تێدایە منیش خاوەنی جزدانێكم بەشی دڵخۆشی و گوزەرانمی تێدایە. من شتێكم هەیە كە كوڕەكەی سەرۆك نییەتی، ئەویش سەربەرزی ڕاستەقینەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group