چەند پرسیارێک لەبارەی هێرشەکەی سەر دکتۆر غالب

ئیسماعیل نامیق

01/03/2021

سەبارەت بەوەی کێ هێرشەکەی ئەنجامداوە، و کێ لەپشت لەئەنجامدانێوەیەتی، و بۆچی و لەسەر ئەنجامدراوە؟ ئەمانە هەمووی پرسیاری خەڵکن ، چاوەڕێ دەکرێـت دەزگا فەرمیەکان لەرێگەی لێکۆڵینەوەیەکی شەفافەوە وەڵام بدەنەوە. بەڵام ئەوەی پرسیارە لای من:

1- بۆچی پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بەم هێرشە بێدەنگی هەڵبژاردووە؟ ئەزانم دکتۆر غالب رەخنەی زۆر توند لەپارێزگار دەگرێت، تا رادەی ناوزڕاندن و ناکۆکی کەسی، ئەوانە هەمووی بەلایەک، بەڵام دواجار تاوانلێکراو لەچەقی پارێزگاکەدا تاوانی بەرامبەر کراوە، جەنابی پارێزگاریش بەرپرسی یەکەمی ئەم شارەیە، دەبێت پارێزەر و خەمخۆری هەمووان بێت بەیار و نەیارەوە، ئێ خۆ ناکرێت، ئەوەی لەدەسەڵاتە بڵێت من ئۆپۆزسیۆن ناپارێزم لەبەرئەوەی لەدژم راوەستاوە. هیوا دارم کاک دکتۆر هەڤاڵ وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.

2- بۆچی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەکو دامەزراوە هیچ هەڵوێستێکی فەرمی دەرنەبڕی؟ تەنها مەلا بەشیر ئیدانەی هێرشەکەی کردووە.

3- بۆچی هاوسەرۆکانی یەکێتی بێدەنگ بوون؟ لەکاتێکدا بۆ زۆر روداوی دیکە قسەیان هەبووە، بەتایبەتی رووداوی هەڕەشەکردن و دەستدرێژی کردن، تەنانەت سەردانی تاوانلێکراو و شوێنی روداوەکەشیان کردووە، بۆ نمونە، روداوی هەڵکوتانە سەر چێشتخانەکەی عەقاری. غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراقە و پێنج سەد مەترێک لەدووری ئاسایشی سلێمانی هێرشی کراوەتە سەر ، ئایا ئەم رووداوە یارای ئەوە نەبوو قسەیەکی لەسەر بکەن؟!!

4- بۆچی هاوپەیمانی هیوا سەرەتا بەبەیاننامەیەک ئیدانەی هێرشەکەیان کرد و پاشان هەر پێکهاتەیەکی هاوپەیمانییەکە، تەنانەت هەر پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانییەکە بەیاننامەی تایبەت بەخۆیان هەبوو؟ ئایا ئەمە گومان لەسەر پتەویی هاوپەیمانییەکە دروست ناکات؟
ئەمانە و چەندین پرسیاری دیکەش، کە لەزهنی هەریەکێکماندایە سەبارەت بەو تاوانە.

هەرچی تایبەتە بەدۆزینەوە و دەستگیرکردنی تاوانبارەکە، بەرای من عورفێک جێگیر بووە سەبارەت بە دۆزینەوەی تاوانبار، بەپێی ئەو عورفە ئەگەر لەماوەی ( 24 ) کاتژمێردا تاوانبار دەستگیرکرا، ئەمە دەبێتە بەڵگە لەسەر رادەی جدیەتی لێکۆڵینەوە و خەمخۆریی دەسەڵات، خۆ ئەگەر لەماوەی ( 72 ) سەعاتدا دەستگیر نەکرا، ئەوا رەنگە ماستەکە موی تێدا بێت، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی کەبەئاشکرا ئەنجام ئەدرێن.

لەکۆتاییدا هیوای زوو چاکبونەوە و لەش ساغی بۆ دکتۆر غالب ئەخوازم، ئۆمید ئەکەم هەر بەردەوام و توندتر بێت لەرەخنەگرتن، بەڵام بەزمان و میکانیزمێکی تر، هەروەها هیوا دارم تاوانبار لەزووترین کاتدا دەستگیر بکرێـت و سزای دادپەروەرانەی تاوانەکەی وەربگرێـت، لەهەمووی گرنگتر هیوا دارم هیچ لایەنێک لەم تاوانەوە نەگلابێت. ماوەتەوە بڵیم: وەک لەسەر هیچ کۆک نین، تکایە وەرن با لەسەر ئەوە کۆک بین، وەڵامی رەخنە بەرەخنە و گوتاری توند بەیاسا بدەینەوە،نەک رەخنە بەتێهەڵدان و گوتاری توند بەکوشتن. ( چالاکڤانانی هەولێر و بادینانیشتان لەبیر نەچێت).

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group