لەماوەی (١٠ ساڵ)دا، نزیكەی (٧٠) نەخۆشخانەو كۆمەڵگەی پزیشكی تایبەت و ئەهلی دروستكراون، ئەمە سوتفەو پێویستی و خواستی خەڵك نییە، بەڵكو دوو كابینەیە كار دەكرێت بۆ ئەوەی نەخۆشخانەی حكومی نەمێنێت یان نزیك بێتەوە لە نەمان، ئەوان كەرتی تەندروستی گشتی بە بارگرانی دەزانن لەسەر حكومەتەكەیان! دەسەڵاتی هەردوو حزب و حكومەتەكەیان، ئامادە نین لە كۆی (٣٥٠ ملیار) دینار، مانگانە تەنها (٣٠ ملیار) دیناری بۆ كەرتی تەندروستی خەرج بكەن، ئەمەش وایكردووە بەردەوام نەخۆشخانەكان لە پاشەكشەی بەرچاودابن و نەتوانن ئەو ئەركەی لێیان چاوەڕێ دەكرێت ڕایپەڕینن! ئەمە بێجگە لە كێشەی بەردەوامی مووچە بۆ كارمەندانی تەندروستی كە كۆڵەكەی ڕاگرتنی نەخۆشخانەكانن. ئەوان پێیان وایە زەوی بەلاش بە شەریكایەتی حزبەكانیان بدەن بە كۆمپانیاو بیناو هۆتێل و یەكەی نیشتەجێبوونی پێ دروست بكەن بۆ خەڵەتاندنی ڕایگشتی باشترە كە وەك نیشانەی پێشكەوتن بە خەڵكی ناوخۆو بیانی بفرۆشنەوە تا ئەوەی نەخۆشخانەیان هەبێت و خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشبكەوێت و هاووڵاتی نەخۆش ناچاری نەخۆشخانەی تایبەت نەبێت. نەخۆشێك بچێتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، دەبێت بە قەرەوێڵەكەیەوەو بە ئەمبوڵانس چەند جارێك ببرێتە دەرەوەی نەخۆشخانە بۆ ئەوەی هێندێك پشكنین بكات، بۆ؟ لەبەر ئەوەی ئەم ئامێرەیان دوو مانگە شكاوەو پارە نییە چاك بكرێتەوە، فڵان پشكنینی تر پێداویستی نەماوە! بۆ هێندێك نەخۆشی خێرا، هێندێك چارەسەریی خێراو بە پەلە ئامادەیە، بەڵام تۆ نەشتەرگەرییەكت بوێت لە نەخۆشخانەیەكی حكومی دوو بژاردەت هەیە: یان بە ئێش و ئازارەوە بتلێرەوە تا نۆرەت دێت لە ساڵی داهاتوو، یان فەرموو بچۆرە ئەهلی و چارەسەریی خۆت بە پارە وەرگرە! كەسێك داهاتی مانگانەی كەمتر لە ملیۆنێك بێت، تەنها یەك نەخۆشی بەسە بیكاتە سواڵكەر لەبەردەم نەخۆشخانەیەكی ئەهلی و نۆڕینگەی پزیشك و تاقیگەو دەرمانخانەكاندا. نەخۆشخانەی ئەهلی لە هەموو دونیا وەك بژاردەیەك هەیە بۆ كوالێتی و هێندێك تایبەتمەندی، ئەمە ئاساییەو تەنانەت شتێكی باشە، بەڵام نەوەك بە بەرنامە پاشەكشە لە خزمەتگوزاریی تەندروستی حكومی بكرێت و خەڵك ناچار بكرێت ڕوو بكاتە نەخۆشخانەی ئەهلی. ماوەی دە ساڵە سێ كەس لە هەردوو دەڤەر بڕیار بەدەستی یەكەم و كۆتایین، چ لە حكومەتەكەیان، چ لە حزبەكانیان، بەڕاستی ئەو سیانە سەلماندوویانە بێجگە بزنس و بازرگانی شتێكیتریان نییە.
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.