نەتەوە یەكگرتووەكان لە تەرازوی واقیعدا

هەڤاڵ عارف

9 کاتژمێر پێش ئێستا

(٨١) ساڵ بەسەر دامەزراندنی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكاندا تێدەپەڕێت، كە لە (٢٤ی ئۆكتۆبەری ١٩٤٥)  لەسەر خۆڵەمێشی وێرانكارییەكانی دو جەنگی جیهانی و لەپاش شكستی (كۆمەڵەی گەلان) لە پاراستنی سەقامگیریی و دەستەبەركردنی ئاشتی هاتە كایەوە.
لە بنەڕەتدا، ئەم دامەزراوەیە بە كۆمەڵێك ئامانجی باڵا لەدایك بو، چەسپاندنی دادپەروەری نێودەوڵەتی، یەكسانی لە سەروەریی دەوڵەتان، ڕێزگرتن لە مافی چارەی خۆنوسینی گەلان و قەدەغەكردنی پەنابردنە بەر هێز لە یەكلاكردنەوەی ململانێكاندا، تاوەكو نەوەكانی داهاتو لە نەهامەتی جەنگ بپارێزرێن، بەڵام هەر لە ساتی یەكەمەوە، ئەم پرەنسیپانە لە پێكهاتەی دەسەڵاتی ڕێكخراوەكەدا ڕەنگیان نەدایەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایش، وەك بەرپرسی یەكەمی ئاسایشی جیهان، لەسەر پێدانی پێگەی تایبەت بە پێنج ئەندامە هەمیشەییەكە (ئەمریكا، ڕووسیا، چین، بەریتانیا و فەڕەنسا) بونیاد نرا بەمەش، لە ڕێگەی مافی ڤیتۆوە، دەسەڵاتی پەكخستنی بڕیارە چارەنووسسازەكان لە دەستی ئەم پێنج زلهێزەدا قۆرخ كرا، بە شێوەیەك  تەنانەت كۆدەنگی زۆرینەی وڵاتانی دیكەش نەتوانێت سنورێك بۆ ئەو هەژمونە دابنێت.
بۆ هەڵسەنگاندنی قوڵتری ڕۆڵ و كاریگەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە ساڵی (١٩٤٥)ەوە تا ئەمڕۆ، پێویست ناكات لە دەرەوەی خۆیدا بەدوای پێوەردا بگەڕێین، خودی پەیماننامەی ڕێكخراوەكە، كە بنەمای یاسایی كۆكەرەوەی (١٩٣) دەوڵەتە و هەر لە دەستپێكی دیباجەكەیدا، بەرپرسیارێتی بنەبڕكردنی جەنگ و پاراستنی ئاسایشی مرۆڤایەتی و نەوەكانی داهاتوی خستوەتە پێش هەمو ئەركەكانی دیكەوە بەراورد بە كارنامەی مەیدانی و ڕوداوەكانی جیهان باشترین تەرازوە بۆ ئەو دادوەرییە، كە بەم میكانیزمەش ئەزمون و هەنگاوەكانی (٨١) ساڵەی ئەو دامەزراوەیە دەخەینە بەردەم ئاوێنەی واقیع، پرسیاری ئەوە دروست دەبێت، ئایا نەتەوە یەكگرتوەكان توانیویەتی لە ئاست ئەو پەیمانە مێژوییەدا بێت، كە لەسەری بونیاد نراوە بۆ ئەوەی جیهان لە دوبارەبونەوەی كارەساتەكانی جەنگ بپارێزێت؟ لێرەدا لە بری وەڵامێكی سەرپێی، داتا و ئامار دەكەینە سەنگی مەحەك.
لە دوای ساڵی (١٩٤٥)ەوە تا ئێستا، بەپێی زانیارییە بڵاوكراوەكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان، جیهان زیاتر لە (٢٥٠) ملمڵانێی چەكداریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها بەپێی دوایین ئاماری ساڵانەی پرۆگرامی داتای ملمڵانێی زانكۆی ئۆپسالای سویدیش لە ساڵی (٢٠٢٥)دا  (٦٥) شەڕ و ململانێی چەكداری لە جیهاندا هەبوە، كە بەرزترین ژمارەی تۆماركراوە لە دوای جەنگی دوەمی جیهانیەوە.
لەپاڵ ئەم داتایانەشدا، هەڵگیرسانی جەنگی ڕوسیا و ئۆكرانیا و ڕوبەڕوبونەوەی سەربازیی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دەریانخست كە سەردەمی جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان دەوڵەتانیش كۆتایی نەهاتوە، لەڕوی تێچوی مرۆییەوە، لە جەنگی ڤێتنامەوە تا قەیرانەكانی ئەمڕۆ، ملیۆنان كەس ڕاستەوخۆ لە مەیدانی جەنگدا كوژراون و دەیان ملیۆن هاووڵاتی مەدەنیش بەهۆی لێكەوتەكانی شەڕەوە(وەك برسێتی، بڵاوبونەوەی نەخۆشی و وێرانبونی نەخۆشخانە و سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە)؟بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستـداوە،

هەر لە سەردەمی ئەم ڕێكخراوەدا، جیهان شاهیدی چەندین جینۆساید، كوشتاری بەكۆمەڵ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بوە،  لە كارەساتەكانی كەمبۆدیا (١٩٧٥–١٩٧٩)، كوشتاری حەما لە سوریا و سەبرا و شاتیلا لە لوبنان (١٩٨٢)، جینۆسایدی ئەنفال و هێرشی كیمیایی هەڵەبجە (١٩٨٨)، جینۆسایدی ڕواندا (١٩٩٤) و سربرێنیتسا لە بۆسنە (١٩٩٥)ەوە، تا جینۆسایدی ئێزیدییەكان لە شنگال (٢٠١٤) نوێترین نمونەی ئەم كارەساتانەش، غەزەیە كە لە ساڵی (٢٠٢٣)ەوە جگە لەوەی دەیان هەزار هاوڵاتی سیڤیلی تێدا بونەتە قوربانی،  وێرانكارییەكانیش بەشێكی فراوانی ناوچەكەیان لەگەڵ زەویدا یەكسان كردوە، بەپێی  هەڵسەنگاندنی خودی نەتەوە یەكگرتوەكانیش  (٨٢٪)ی بیناكانی كەرتی غەزە یان وێران بون یان زیانیان پێگەیشتوە. كەواتە تۆی خوێنەر پێمان بڵێ ئەمانە دەستكەوتن بۆ ئەم دامەزراوە نێو دەوڵەتییە یان شكست؟
هۆكاری ئەو روداوانەی سەرەوەش، كە بەژمارەو  دۆكیۆمێنت خستمانەڕو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو پێنج ووڵاتەی لە ڕێگەی مافی ڤیتۆوە بڕیاری شەڕو ئاشتییان بەدەستە، لە زۆربەی قەیرانەكاندا خۆیان لایەنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ململانێكانن و بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیكی خۆیان دەخەنە پێش بنەماكانی پەیماننامەكەوە، بۆیە كاتێك دوای تێپەڕبوونی (٨١) ساڵ و سەرەڕای گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە جیهاندا و پێشكەوتنی بنەماكانی مافی مرۆڤ، هێشتا پێكهاتەی ئەنجومەنی ئاسایش و قۆرخكاریی مافی ڤیتۆ هەر وەك سەردەمی دامەزراندنی ماوەتەوە، ئەوا چاوەڕوانی جیهانێكی سەقامگیر و عەدالەتێكی سەرتاسەری لەم ڕێكخراوە، تەنها وەك بانگەشەیەكی تیۆری و دور لە واقیعی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە.
بەدیوێكی دیكەدا، ئەم  نادادپەروەرییە تەنها لە مۆنۆپۆڵكردنی بڕیاردا كورت نەبوەتەوە بەڵكو لە شێوازی پێكهاتەی ئەنجومەنەكەشدا بەتەواوی رەنگی داوەتەوە، هیچ ڕەوایەتییەكی تێدا نییە كیشوەرێكی وەك ئەفریقا، كە نزیكەی یەك ملیار و نیو دانیشتوی هەیە، لەگەڵ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە بەردەوام لەناو شەڕ و ئاڵۆزیدایە، كورسییەكی هەمیشەییان لە ئەنجومەنی ئاسایشدا نەبێت بۆ بەرگریكردن لە ماف و بەرژەوەندییەكانیان، كەچی پێنج دەوڵەت تەراتێنی تێدابكەن و مافی ڤیتۆ وەك ئامرازێكی تایبەت بۆ پاراستنی هەژموونی خۆیان و هاوپەیمانەكانیان بەكاربهێنن.
گرێكوێرەی سەرەكی لە بەردەم ڕاستكردنەوەی ئەم ناهاوسەنگییەش، لە خودی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتوەكان خۆیدایه، بەتایبەت لە ماددەكانی (١٠٨) و (١٠٩)دا، كە دەرگای بە ڕوی هەڵوەشاندنەوەی ئەم ستەمەدا داخستوەو خستویەتییە ناو تەڵەیەكی یاسایییەوە، بەپێی ئەو دو ماددەیە، هەر هەوڵێك بۆ هەمواركردنەوەی پەیماننامەكە یان دەستكاریكردنی مافی ڤیتۆ، جگە لە دەنگی دو لەسەر سێی ئەندامان، پێویستی بە ڕەزامەندی هەر پێنج زلهێزەكەش هەیە، واتە بەخشینی مافی ڤیتۆ بۆ پاراستنی خودی ڤیتۆ.
بۆیە تا ئەم بەربەستە یاساییانە تێكنەشكێندرێت، ئەقڵیەت و هەیكەلیەتی پێكهاتەی ئەم ڕێكخراوە لە قاڵبی ساڵی (١٩٤٥) نەهێندرێتە دەرەوە و نەخشەی نوێنەرایەتی گەلان لە ئەنجومەنی ئاسایشدا سەر لەنوێ دانەڕێژرێتەوە، ئەوا نەتەوە یەكگرتوەكان
هەرگیز ناتوانێت بەڵێنەكانی ساتی دامەزراندنی بكاتە واقیع و لە ڕێگەی نوێنەرایەتییەكی دادپەروەرانەی گەلانەوە، جیهان لە هەڵگیرسانی جەنگەكان بپارێزێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group