رەخنەگرانی "جێڵەكەی نێچیرڤان بارزانی"

ئاری محەمەد هەرسین

12/08/2018

لەم دواییەدا سەرۆك وەزیرانی كوردستان كاك نێچیرڤان بارزانی هەنگاوێكی تری بەرەو زیادتر نزیكبوونەوە لە هاوڵایتان داوە، كە ئەویش وەرگرتنی پرسیاری هاوڵاتیانە لە ڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە. ئەم موبادەرەیەی سەرۆكی حكومەت لەوانەیە بۆ سەرۆكی حكومەت لە هۆڵەندا یان نەمسا شتێكی ئاسایی و ڕاگوزاری ڕۆژانە بێت، بەڵام بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ هەرێمی كوردستان "كە بەم ڕۆژگارە هەموان گلەیی لە دووری مەسافەی نێوان هاوڵاتیان و سیاسەتمەدار دەكەن" داهێنانێكی مۆدێرن و جوانە.
لە یەكێك لە پەیوەندیە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا هاوڵاتیەكی گەنج پرسیاری جۆری جێڵەكەی قژی سەرۆكی حكومەت ئەكات. ئەویش وەڵامی ئەداتەوە. ئیتر ئەم مەسەلەیە بوە بە مانشێتی هەندێك لە ڕاگەیاندنی حیزبەكان و وەك ئەوەی كۆتایی دونیا بێت وایە.
وابزانم پاش خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر بوو، كە هەر ئەو نەفس نزمانە بوون كە ئەیانووت: كوردستان تەواو بوە... حكومەتەكەی نێچیرڤان بارزانی فەشەلی هێناوە... هەرێمی كوردستان ئەبێتەوە بە "نەك بە چوار پارێزگا، چونكە بڕوایان بە بە پارێزگای هەڵەبجە نەبوو" بەسێ پارێزگا و ئەوەی مافی نەتەوەیی خەڵكی كوردستان بێت هیچ حسابێكی بۆ ناكرێت.
كەچی لە ماوەیەكی كورت دا هەموو پەیوەندیە دیپلۆماسیەكان ئاسایی كرانەوە. لەگەڵ ئێران، ئەمەریكا، توركیا، یەكێتی ئەوروپا، وڵاتانی عەرەبی و بەغدا پەیوەندیەكان ئاسایی و بەهرەدار كرانەوە... بەغدا پارەی بۆ كوردستان نارد و بەردەوامیش ئەبێت لە ناردنی... نەوتەكە هەر بەرەو توركیا ئەڕوات و... زۆر شتی تریش كە با وەك موفاجەئە بۆ برادەرانی درۆزن و نەزانی ساختەچی "بەناو" پۆست مۆدێرنە بمێننەوە و لە داهاتودا خەڵكی كوردستان شاهێدی دەبن.
كەچی زۆر سەیرە؟... چارەسەركردنی ئەو هەمو كێشەیە نەبو بە هەواڵێكی سەرپێی كەناڵەكانی برادەران... بۆ جارێكیش "بەناو" نوسەران و خاوەن قەڵەم، هیچ قسەیەكیان لەسەر ئەم هەموو پێشهاتە نەكرد... كەچی لە ئێستادا ماركەی جێڵەكەی كاك نێچیرڤان بوەتە خاڵی سەرەوەی ئەجێنداكان؟!!... ئایا ئەمە سەیر نیە؟!
ئەو كەسەی ئەڵێ كوێرم، لە دوو حاڵەت بەدەر نییە: یان ڕوناكی نابینێت، یانیش درۆ ئەكات و كوێر نیە!.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group