رێنماییەك لە بەرژەوەندی خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان هەموار كرایەوە

14/06/2019

نەوا

وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ڕێنماییەكی تایبەت بە ڕێژەی كەمئەندامی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان هەمواردەكاتەوە و بەگوێرەی ڕێنماییە نوێیەكە ڕێژەی كەمئەندامی لە بەرژوەندی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان، كەمدەكرێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە دیوانی وەزارەت بۆ هەمواری ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2016 كۆبووەوە و تیایدا ڕێژەی كەمئەندامی، كەمكرایەوە.
لەو بارەوە عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی رایگەیاند: “ساڵی 2016 كە ئەو ڕێنماییە دەرچوو بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی لای خاوەن پێداوستییە تایبەتەكان، چونكە لە زیانی ئەوان بوو و بەهۆیەوە چەندین خاوەن پێداویستی تایبەت لە مافی خۆی بێبەش دەبوو”.
وتیشی، لە كۆبوونەوەی دیوانی وەزارەتدا، ئەو ڕێنماییە هەمواركراوەتەوە و هەندێك ڕێژە كەمكراوەتەوە، بۆ نموونە، نابیستی كراوە بە%70، هەروەها نابینا و شەلەل دەماغ كراوون بە %65 كە هەمووی لە بەرژەوەندی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانە.
هاوكات عومەر گوڵپی ئەوەشی ڕوونكردەوە، یەكێكی دیكە لە ڕێنماییە نوێیەكان ئەوەیە، كە پێشترهەر خاوەن پێداویستییەكی تایبەت فەرمانبەربوایە یاخود مووچەی دیكەی هەبوایە، ئەو هاوكارییە مانگانەیەی پێنەدەدرا، بەڵام ئەوەش هەڵوەشایەوە و بەپێی ڕێنمایی نوێ، فەرمانبەریش ئەگەر خاوەن پێداویستی تایبەت بێت مانگانە مووچەی پێدەدرێت.
باسی لەوەشكرد، بۆ ئەوەی رێنماییە هەمواركراوەكە بچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە پێویستی بە واژۆی وەزیرە و ئەمەش دەكەوێتە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێ.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group