چەند بڕیارێك لە بارەی دابەشكردنی موچەی كەمئەندامان دەدرێت

03/04/2020

نەوا
رۆژانی شەممە و یەكشەممە مووچەی كەمئەندامان دابەشدەكرێت، بۆ ئەوەی قەرەباڵخی لە بەردەم بانكەكان دروست نەبێت، مووچەكە بەپێی پیتی ناوی كەمئەندامەكان دابەشدەكرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر لەو بارەیەوە راگەیەنراوێكی بڵاوكردووەتەوە، تێیدا هاتووە: "لە پێناو بەرژەوەندی فەرمانبەران و توێژی خاوەن پێداویستی تایبەت  و پاراستنیان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڕێوەبەرایەتییەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكان بڕیاریان داوە كە هێزەكانی ناوخۆ ئاسانكاری بۆ هاتووچۆی فەرمانبەران و كەمئەندامان بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان بكەن.
داواش لە بانكەكان كراوە كە ئاسانكاری بۆ دابەشكردنی مووچەی كەمئەندامان بكرێت، بەجۆرێك ئەگەر كەمئەندام خۆیشی ئامادە نەبوو،  بریكارەكەی یان خزمی پلە یەكی بتوانێت مووچەكەی وەرگرێت بە مەرجێك ناسنامەی كەمئەندامەكەی پێ بێت.
سەبارەت بەو كەمئەندامانەی دانیشتووی ناوچە كەرەنتینكراوەكانن، لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: "دانیشتوانی  ئەو شوێنانەی كەرەنتینە كراون بە تایبەت ( سێبیران)، مووچەكانیان بۆ دەبردرێتە ماڵەكانیان و پێویست ناكات خۆیان سەردانی بانكەكان بكەن ."
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە  دابەشكردنی مووچەی كەمئەندامان بەپێی پیتی ئەبجەدی و لە كاتەكانی جیاوازدا دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group