ئەو گەنجەی بۆ رزگاركردنی گەشتیارێك خنكا، هۆڵێكی لە هەولێر بۆ دروست دەكرێت

18/06/2018

نەوا 

رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان بەراورد بە ساڵانی رابردو جێگیرە، لەمەودواش گەنجێكی رواندزی دەكرێتە سیمبولی گەشتیاری.
ئەمڕۆ لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا، كە هاوكارمان لاڤە كوردە پێشكەشی دەكات، نادر روستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لە بەرنامەكەدا وتی، لە دوو رۆژی سەرەتای جەژندا 127 هەزار گەشتیار رویان لە هەرێم كردوە و رێژەكەی تا رادەیەك جێگیرە لەگەڵ ساڵانی رابردو.
ئاماژەی بەوەشكرد، نەكرانەوەی رێگای كەركوك-هەولێر، چونی گەشتیاری بۆ پارێزگای هەولێر كەمكردوە و زیاتر رویان لە سلێمانی كردوە.
وتیشی "جەبار عوسمان ئەو گەنجەی لە رواندز بۆ پاراستنی گیانی ئافرەتێكی گەشتیاری عەرەب خۆی خستە ناو روبارەوە و خنكا، لە هەولێر هۆڵێكی بە ناوەوە دروست دەكرێت و لەداهاتودا دەكرێتە سیمبولی گەشتیاری".


هاوكات سەردار عەلی سەرپەرشتیاری شوێنە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە باسی لەوەكرد، خراپی رێگاوبانەكانی ناوچە گەشتیارییەكان نیگەرانی لای گەشتیاران دروستكردوە.
هەر لە بەرنامەكەدا، نەریمان سابر سەرۆكی كۆمەڵەی گەشتوگوزارناسانی كوردستان دەربارەی كارمەندانی ئەو شوێنانە وتی، ژمارەیەكیان كارمەندی بیانین و بەشێكی تریان دەرچوی بەشە گەشتیارییەكانن و بەردەوام خول و سیمیناریان بۆ رێكدەخرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group