دوو گوتاری ڕێبوار كه‌ریم وه‌لی و ئارام سه‌عید سه‌رنجیان ڕاكێشام بۆ نوسینی ئه‌م گوتاره. كاك ئارام به‌پشت به‌ستن به‌یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی سه‌رده‌می پۆڵ برێمه‌ر پێی وایه وروژاندنی لامه‌ركه‌زی سلێمانی زیاتر كارتی فشار‌و موزایه‌ده‌ی سیاسییه نه‌ك ئیراده‌یه‌كی سیاسی و كاك ڕێبواریش ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه پارتی پاڵ به یه‌كێتی-یه‌وه ده‌نێ سلێمانی له هه‌رێم جیابكاته‌وه. به‌وپێیه‌ی قورسایی ئۆپوزسیۆن له سلێمانییه ئه‌گه‌ر سلێمانی ببێته هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ پارتی له‌سه‌رئێشه‌ی یه‌كێتی و ئۆپوزسیۆن ڕزگاری ده‌بێ و هه‌مو ناكۆكی و ململانێكان هه‌نارده ده‌كاته سلێمانی و ڕوبه‌ڕوی یه‌كێتی-یان ده‌كاته‌وه، یه‌كێتیش هاوشێوه‌ی پارتی، مل بۆ داخوازی حزبه ئۆپزسیۆنهكانی سلێمانی نادات ئه‌وكات به‌جۆرێكی تر سلێمانی ده‌كه‌وێته ناو به‌رداشی توندوتیژی و ململانێی نێوان حزبه‌كان و ده‌بێته پارویه‌كی ئاسانیش به‌غدا قوتی بدات. به‌ڵام پارتی بۆچی پاڵ به یه‌كێتی-یه‌وه ده‌نێ؟ چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ئێستا هاوڕێیه‌كی خۆشه‌ویستم ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و گوتی.. پێده‌چێ ئهمهریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا بكه‌ن به پارێزگایه‌ك یان هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆی نمونه‌یی پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌كان..!! ناوچه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا پێكهاتوه له سێ قه‌زا، (حه‌مدانیه، شێخان و ته‌لكێف) و چه‌ندین شارۆچكه‌و ده‌یان گوند، روبه‌ره‌كه‌ی نزیكه‌ی 5000 كیلۆمه‌تره، دانیشتوانه‌كه‌شی ده‌گاته نزیكه‌ی 600- 700 هه‌زار كه‌س كه زۆرینه‌یان ئێزیدین. ده‌شتی نه‌ینه‌وا به‌پێی ماده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراقی ناوچه‌یه‌كی كێشه له‌سه‌ری كوردستانه، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه داواكرا ناوچه‌كه بكرێته هه‌رێمێك، یان پارێزگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ (یهزدیخان)، به‌ڵام به‌بیانوی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پارێزگاكه دروست بێت سریانه‌كان له‌ناوده‌چن، له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقییه‌وه ڕه‌تكرایه‌وه. ئه‌وه‌ی لای ئه‌مه‌ریكا ڕوونه هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی له‌ناودانی سریان و كه‌مینه ناموسڵمانه‌كان له‌عیراقدا خودی عه‌ره‌به به‌و عه‌قڵیه‌ته توندڕه‌وه‌ی ئێستا هه‌یانه، له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی پارتی به دابینكردنی كورسی كۆتا بۆ كه‌مینه‌كان له په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستاندا مامه‌ڵه‌یه‌كی ژیرانه‌ی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌و كه‌مینه‌كاندا كردوه (له‌وه‌گه‌ڕێ كه‌مینه‌كان چۆن كورسیه‌كانیان به‌كاردێنن)، ئهمهریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی له‌وه دڵنیاكردۆته‌وه كه پێكه‌وه‌ژیان له ته‌ك كورددا نه‌ك هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچون ناخاته سه‌ر كریستیان و سریانه‌كان، به‌ڵكو ده‌یانپارێزێ و به‌هێزیشیان ده‌كات، بۆیه دور نییه ئه‌مه‌ریكا پلانه‌كه‌ی پارتی ( دروستكردنی پارێزگای یهزدیخان ) له‌ده‌شتی نه‌ینه‌وا به‌فۆڕمێكی جیاواز جێبه‌جێ بكات. ده‌شتی نه‌ینه‌وا بكرێته پارێزگایه‌كی نمونه‌یی پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌كانی كورد، یه‌زیدی، شه‌به‌ك، سریانی، كریستیانی و توركمان و عه‌ره‌ب، ڕه‌نگبێ ئه‌وه هۆكاری بێمنه‌تی پارتی بێت له یه‌كێتی. ئه‌گه‌ر ئه‌م پلانه جێبه‌جێ بكرێ، سلێمانیش له هه‌ولێر جیابێته‌وه ڕه‌نگبێ دوای چه‌ند ساڵێك هه‌ولێرو دهۆك و ده‌شتی نه‌ینه‌وا (یهزدیخان) به‌ڕیفراندۆم وه‌ك سێ پارێزگا له‌ناو هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆدا یه‌ك بگرن. له‌ڕودانی ئه‌م ئه‌گه‌ره سلێمانی ده‌كه‌وێته‌وه بن ده‌ستی عیراق، هه‌ولێریش وه‌ك پایته‌ختی هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆی ( هه‌ولێر، یهزدیخان و دهۆك) بێ سه‌رئێشه ده‌مێنێته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌جندایه‌ك هه‌بێ بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سلێمانی له هه‌ولێر به‌هۆی غازه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵه‌وه ئه‌جندایه‌كی ترسناك و كوێربینیه، زوڵمێكیشه له‌نه‌وه‌كانی داهاتوی سلێمانی ده‌كرێت. ئیداره‌ی سلێمانی و حزبه‌كانیان، به‌تایبه‌ت یه‌كێتی و گۆڕان ئه‌گه‌ر مزایه‌ده ناكه‌ن پێویسته داواكانیان له‌دروستكردنی سیسته‌می لامه‌ركه‌زیدا له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا چڕبكه‌نه‌وه، ناسنامه‌ی په‌یامه‌كه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ڕون بێت نه‌ك به‌لێدوان و بۆچونی جیاواز‌و سیاسه‌تی فهیسبوكانه مزایه‌ده بكه‌ن، سه‌ر له‌خۆیان و خه‌ڵك بشێوێنن.. به‌شێك له كادیر‌و سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی لایان وایه سلێمانی ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده بهغازو له ئه‌گه‌ری جیابونه‌وه ده‌بێته‌مایه‌ی خۆشگوزه‌رانی دانیشتوانه‌كه‌ی، به‌ڵام دوای كوژرانی قاسم سلێمانی ناكۆكی نێوان ئهمهریكاو ئێران جۆرێك لهخاوبونهوهی پێوه دیاره، ئه‌وه‌ش واده‌كات له چه‌ند ساڵی داهاتودا ناوچه‌كه‌و به‌تایبه‌تی عیراق رێكبخرێته‌وه، ئه‌وكات به‌غدا ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رو كادیره‌كانی كارگه‌ی غازه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵ له شاره‌كانی عیراقه‌وه هاورده ده‌كات نه‌ك سلێمانی، ئه‌وه‌ش بیری هه‌موان دێنمه‌وه (پانزده ساڵ كه‌ركوك به‌ده‌ست یه‌كێتی و پارتیه‌وه بوو نه‌یانتوانی په‌نجا كرێكاری فعلی كورد له شه‌ریكه‌ی نه‌وت دامه‌زرێنن، له‌كاتێكدا كورد شۆڕشی ئه‌یلول و مفاوه‌زاتی 1984یشی له‌سه‌ر كه‌ركوك دانا‌و ئه‌نفالیشی به‌سه‌رهات)، عیراق به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستێ به‌ڵكو هه‌وڵ ئه‌دات ده‌ستبه‌سه‌ر ته‌واوی سامانی بن و سه‌ر زه‌وی كوردستاندا بگرێ و هه‌یمه‌نه‌ی حزبه‌كانیش له‌ناوبدات، بۆیه مانه‌وه‌ی سلێمانی له هه‌رێمی كوردستاندا، كوردستان به‌هێزتر ده‌كات به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ده‌شتی نه‌ینه‌واش بكرێته هه‌رێمیكی سه‌ربه‌خۆ. پارتی له‌باتی ئه‌وه‌ی پاڵ به یه‌كێتی-یه‌وه بنێ پێویسته له‌پێناو گه‌شه‌پێدانی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستاندا، پێشوازی له پرۆژه لامهركهزیهكهی ئیداره‌ی سلێمانی بكات. لێره به‌دواوه پێویسته حزبه‌كانی كوردستان عه‌قڵیان له ماسولكه‌كانیان بێننه ده‌ره‌وه، جێگای عه‌قڵ مێشكه..!! سه‌رچاوه.. https://ckb.wikipedia.org/wiki/ده‌شتی_نه‌ینه‌وا