دڵخۆش نیم بەكشانەوەی هاوپەیمانان

سەرحەد قادر

1 کاتژمێر پێش ئێستا

لە دوای (12) ساڵ بەپێی ئەو ڕێكەوتنەی لەنێوان ئەمریكاو حكومەتی عێراقدا كراوە هێزەكانی ئەمریكا لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان كشانەوە، ئەم كشانەوە مەترسیەكی گەورەیە بەتایبەتی پێشتر سستەمی بەرگری هەبوو لە هەولێر ئاشكرایە پێش شەڕی ئێران و ئەمریكاو ئیسرائیلیش لەكاتی شەڕیشەوە تاكوو ئێستە هەرێمی كوردستان لەژێر هێرشی درۆنی وڵاتانی دراوسێدا بووە لە ئەنجامی ئەو هێرشە بەردەوامانە دەیان پێشمەرگەو هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون و ئەو هێرشانە زیانێكی زۆری ئابوری بەخەڵك و هەرێمی كوردستان گەیاندوە..
دوایی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و نەمانی سستەمی بەرگری لەهەولێر دەرفەتی زیاتر دروست دەبێت بۆ هێرشی زیاتر بە بۆنەی هەبوونی هێزە معارەزەكانی ڕۆژهەڵات،  بەڕای ئێمە مەترسیەكان گەورەتر دەبن و ئەگەری هێرشی زەمنیش زیاتر دەبێت بەبیانوی هەبوونی ئەو هێزانە، بۆیە دەبێت كورد بۆ لەمەودوا یەك هەڵوێست یەك ڕا بێت بەداخەوە دەبوو تاكوو ئێستە حكومەتی هەرێم تەشكیل بكرایە و كورد هێزەكانیان ئاماده بكردایە بۆ هەر ئەگەرێك كە لەناو چەكەدا ڕووبدات كە پێدەچێت دۆخی سیاسی سەربازی بەرەو ئاڵۆزی بڕوات لە كاتێكدا ئێمە لەژێر مەترسی ئەو گروپانەین كە بەناو مقاوەمەی عێراقەوە دەناسرێن و تاكوو ئێستەش هەرەشە كانیان بەردەوامە و مەترسی گەورەش لەوەدایە ئەو هێزانە خاوەنی چەكی پێشكەوتوون..
ئەوەی جێگەی نیگەرانی هەموو تاكێكی كوردە بۆ دەبێت ئێمە ئەزموون لە ڕابردوو وەرنەگرین و پشت ئەستورین نەبین بە یەك بوونی خۆمان بۆ دەبێت ئێمە بەبەردەوام پشت بەهاوكاری وڵاتان ببەستین لە كاتێكدا لێمان ڕوونە وڵاتان بەرژەوندی خۆیان لەسەرو هەموو شتێكەوەیە، چۆن كەی بۆیان گونجاو بێت بەو شێوەیە جوڵە دەكەن نەك بەپێی بەرژەوەندییەكانی ئێمە دەمەوێت نموونەیەك باس بكەم لەسەر بەرژەندی وڵاتان :
لەسەردەمی شەڕی داعشدا هەموو تیمەكانی هاوپەیمانان سەردانی ئێمەیان دەكرد، ڕۆژێك یەكێك لە تیمەكانیان هاتمە لام دوای دانیشن و مناقەشەی ئیش و كارەكان سەۆكی تیمەكە پێی ووتم : 
جەنەڕاڵ سەرحەد ئەمە میوانێكە هاتووە حەزی كردوە بێتە كەركووك و چاوی بە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی بكەوێت منیش بەخێرانتم كرد، دواتر ووتی سەرحەد دەرفەتێكی زێڕین بۆ كورد ڕەخساوە بڕوابكە ئەم دەرفتەی ئێستە هەیە جارێكی تر لەمێژوودا دووبارە نابێتەوە كورد بێ ئەوەی فیشەكێك بتەقەنێ بە روی حوكمه تی عێراق  هەموو ناوچەكانی مادەی ١٤٠ كەوتۆتەوە ژێر دەستەڵاتیان و ئەو مادە دەستوریانەی كورد شەڕی بۆ دەكرد جێ بەجێ كراوە، نەوتی كه ركوك  و ئاڤانەو بای حەسەن لەژێر دەستەڵاتی كوردایە و كورد تەسەروفی پێوەدەكات و كەركووك هاوشانی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی دهۆك لەژێر كۆنتڕۆڵی كوردایە بۆیە پێویستە ئەم دۆخەی ئێستە هەیە كورد زۆر بەعاقڵانە بیری لێبكاتەوەو هەڵسوكەوتی لە گەڵدا بكات چونكە ئەم فرستەی ئێستە هەیە كاتیە و تاكوو كۆتایی وانابێت دەبێت ئێوە ئەوەتان لاڕوون بێت ئێمە ئێستە لێریەن و ئێوە دەپارێزین بەڵام ڕۆژێكیش دێت ئەم هێزەی ئێمە كە لێرە دەگەڕێتەوەو بەتەنها جێتان دەهڵێین لەئێستا شەڕی داعشەو كورد هاوپەیمانێكی بەهێزی هەیە دەبێت كورد ئەم دەرفتە بقۆزێتەوە بەژەوندی و مافەكانی بۆ هەمیشەی دەستەبەر بكات بۆ ئەوەی بۆ ئایندە ئەمەی ئێستە بچەسپێت، بۆ نمونە ئێستە بە تەلفونێكی تۆ، كە (مەبەستی من بوو) یان هەر فەرماندەیەكی تری سەربازی فڕۆكەی گەورترین وڵات كە ئەمریكایە یان بەرتانیا و فەرنسا كەنەدا و ئەڵمانیا ئیتاڵیا، پێگەكانی داعش لەسنوری كەركووك و حەویجەو  زاب و ڕەشادو جەبەل حەمرین بۆردمان دەكەن بۆیە ئەم نمونەم هێنایەوە دەبێت بزانن ئەم دۆخە گۆڕان كاری بەسەردا دێت هەروانابێت ئەمەی ئێستە هەیە وەك مناڵێك وایە كە تازە لەدایك دەبێت لە سەرتاوە خێزانەكەی چۆن تەربێتی بدات ئەگەر تەربێتی باش بوو ئەوە ئایندەی باشە ئەگەر خراپ بوو ئەوە ئایندەی خراپ دەبێت هاتنی ئەم هێزەی هاوپەیمان بۆ ئێوە هەمان شێوەیە، ئەگەر ئێوە یەكگرتوو یەك دەنگ نەبن دوایی گەڕانەوەی ئێمە زەرمەندی یەكەم ئێوە دەبن..
ئەم نمونەیە لەو كاتەیا بوو كە نەووت نەدەڕۆی بەڵام توركیا مەجالی ئەدا تا دواتر كۆمەڵێك كێشەو گرفت تدروست بوو بوو ووتی ئەوتا ئێستەش كە نەوتان بەدەستەوەیە كێشە بۆ ڕۆشتنی دروستكراوە بەڵام دڵتان بەوە خۆشە چەند كەشتیەكی نەوتان لە بەندەرەكانی توركیاوە بەقاچاخ براوتە كەنەدا و وڵاتانی تر كە دەبوو ئێوە بەشێوەیەك ئەم دەرفەتی نەوتەتان بۆ خۆتان بقۆزتایەتەوە وڵاتان بە مەمنونی و بەیاسای نەوتیان لەئێوە بكڕیایە نەك دڵتان بەقاچاخ فرۆشتنی خۆش بوایە..
بەڕاستی ئێستە بیر لەوە دەكەمەوە كە هێزەكانی هاوپەیمان ئێمەیان بەجێ هێشت ڕاستە لەوانەیە بۆ هەندێك لایەن و حزب حكومەتی عێراق دڵخۆشی بێت بەڵام بەڕاستی من هیچ دڵخۆش نیم بە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان دۆخەكە باش نابینم هیوادارم بۆ چونەكانی من هەڵەبێت و ئاشتی ئاوەدانی و برایەتی باڵ بكشێت بەسەر كوردستاندا...
یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە پێش كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان كارێكی زۆر باش و گرنگ بوو هیوادارم هێزەكانی بەرگری و فریاكەوتن و زێرەڤانی و تەواوی هێزە ئەمنیەكانیش یەك بگرنەوە.
هەر بەپێی زانیاریە هەواڵگریەكانی دەزگاكانی حكومەتی عیراق تیرۆرستانی داعش خۆیان ڕێكخستۆتەوە هێزەكانیان بەشێوەی مەفارز دابەشكردوە كە هەموو مەفرەزەكیان لە سێ كەس بۆ پێنج كەس پێك دێن و لەم كاتەیەدا دەستیان كردوە بە جموجۆڵ ئەم جموجۆڵەی داعش لەم كاتەدا ناتەبیعیە كە هێزەكانی هاوپەیمانان دەكشێنەوە مەترسیەكانی داعش لە ئێستادا لەسنوری ناوچە جێ ناكۆ كە كان و دیالە صلادین و كەركووك ڕمادی موسڵ بەشێوەیەكی مەترسیدار چالاكیان زیاد كردوە كە ئەم جوڵانەش خۆئامادەكردنە بۆ قۆناغی دوایی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان دیارە بەرنامەیان هەیە بۆ ئەوەی دۆخەكە ئاڵۆز بكەن تاكو دەرفەتی زیاتریان بۆ بڕەخسێت.

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group