حەمایل خانمان ئەوێ

عەبدولرەزاق شەریف

02/06/2020

بارزانییەکان وەک هێزێکی فیوداڵی فەرمانڕەوا، لە داخراوترین پێکهاتەی کۆمەڵی کوردەوارین . بۆ سەدەیەکیش ئەبێ دەوروکاریگەریان لەسەر کۆی ڕوداوەکانی عێراق و کوردستان بەهێز و جێگیرە، پابەندی بە تەریقەت و خوڵک و سلوکی شێخایەتی، شانازییەکە بۆیان و لای خۆیان، بەڵام هەرگیز بانگەشەی بۆ ناکەن، ئەوان حیزبیان هەیە، دیموکراتی بەیان دەکەن و دروشمەکانیان نوێبونەوە و پێکەوە ژیان و دادی کۆمەڵایەتییە، لەگەڵ چەند حیزبێکیتری ( شیوعی، سۆشیال دیموکرات، لیبڕاڵ، ئیسلامی و دیموکرات )، چارەکە سەدەیەکە هاوپەیمان و حوکمڕانن . لە ڕاستیشدا، بڕیاری سیاسی، جڵەوی کاروباری فەرمانڕەوایی لە حیزب و حکومەتیشدا، لە جوغزێکی بچوکی سەری بنەماڵەکەدایە،ئەوەی دیارە لە باوک و کوڕ تێناپەڕێ .
بە ئەحکامی ئەو ترادیسیۆنەی خێڵ و شێخایەتی، لە ناو بارزانییەکاندا، ژن بونەوەرێکی نادیارە، لە ئەدەبیاتی پارتی و ماڵباتی بارزانیشدا، بە یەک دێڕ، بە یەک وێنە، ژنێکی بارزانی ناوی نەهاتوە و نیشان نەدراوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە نیە و نەیانبوە، مێژوی خەبات و قوربانییەکانیان، لە یاخیبون و بەرگری کۆماری مەهابادەوە تا جینۆسایدی سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردو،پشکی شێر بەر ژنەکانیان کەوتوە، گەر پیاوەکان فریای هەڵاتن و خۆشاردنەوە کەوتبن، ژنەکانیان بە حوکمی مناڵەکانی کۆڵیان بەرەو ڕوی مەرگ چون.
حەمایل خانی کچی مەحمود ئاغای زێباری و ژنی مەلا مستەفاو دایکی مەسعود بارزانی سەرۆکی ئێستای پارتی، لە ژنە لێهاتوەکانی ناو مێژوی روداوە گەرمەکانی نیوسەدە خەباتی کوردستان بوە، هەیبەت و قسەوقورسایی ئەو لە ڕاگرتنی تەونی پەیوەندیە خێزانیەکانیاندا لە لایەک و پەیوەندیەکانی بارزانی مێرد و بارزانی کوڕ لەگەڵ حیزب و کەسایەتییە کوردستانییەکان، لە لایەکیتر، جێگەیەکی گرنگ و دیاری لەو مێژوەدا، جێهێشتوە . کە هەرگیز پارتی و بارزانییەکان باسی ناکەن .
ساڵی نەوەد و پێنج و لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا، مەسعود بارزانی سوێندی خوارد جارێکیتر دەست نەخاتە ناو دەستی مامجەلالەوە، ئەم قسەیەشی لە کۆبونەوەیەکدا ،لای ژمارەیەک لە کادر و سەرکردایەتی حیزبەکەی کرد، حیزبیش وەک پیشەیان بانگەشەی بۆ بەڵێنی سەرۆک دەکرد و بە ڕوی خەڵکدا پەخشیکرد. دوای چوار ساڵ و بارزانی تا ئیستاشی لەسەر بێت نهێنی شکاندنی بەڵێنەکەی باسنەکرد، عەوامیش پێیان وابو لە سیاسەتدا درۆی سەرۆک و سیاسیەکان، شکاندنی بەڵێنەکانیان، وەک پیشەکەیان کاری ڕۆژانەیە و ئاسایی تێئەپەڕێ، بێئاگا لەوەی لای بارزانییەکان شکاندنی بەڵێن، بەڵێنی خودان و تەنانەت ملەتیش، هێڵی سورە، مەسعود بارزانیش هەم وەک کەسایەتی خۆی هەم وەک پابەندی ترادسیۆنی خێڵ، لەسەر نەشکاندنی بەڵێنەکانی پەیوەست بە ئیرادەی خۆیەوە سورترە.
مام جەلال جگە لەوەی حەمائیل خانی دەناسی و پیاوەتی و جوامێری ساڵانی ئاوارەیی مەلا مستەفای بەسەرییەوە هەبو، دەشیزانی تەنیا کەسێک بتوانێ دەرگای ئاشتبونەوە بکاتەوە و ئەو بەڵێنە بە مەسعود بارزانی بشکێنێ دایکە پیرەکەیەتی .
لە بەیانیەکدا، بێ پرس و ڕای هاوڕێکانی لە م س و بێ ئاگاداری کوڕ و کوڕەزاکانی حەمائیل خان، خۆی دەگەیەنێتە ماڵەکەی لە پیرمام و ئەوەی بەدوایدا ڕوئەدا، شکاندنی بەڵێنەکەی کوڕەکەیەتی و سەرەتای ئاشتبونەوەی پارتی و یەکێتی و ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆیە . قسەیەکی خاوەن ماڵیش لەو مەجلیسەدا، کە مام جەلال بۆ گەورەیی و لێزانی ئەو ژنە زۆرجار دەیگێڕایەوە وتبوی( جەلال تۆ و مەسعود هەردوکتان وەک کوڕی مەلا مستەفا سەیر دەکەم گەر ڕێکنەکەون کورد ئەفەوتێ ).
ئێستای ئەو دو هێزە، وێڕای ئەو ماڵوێرانی و پاشاگەردانییەی بەسەر ئەم هەرێمەدا، هێناویانە، دیسانەوە لە شەڕی ناوخۆدان، جگە لە چەک، هەمو شێوازەکانیتری شەڕ لە هەرێمەکەدایە، من ناچمە سەر هۆکار و ڕێگە چارەسەر ( ئەوە پڕۆژەیەکە باسمان کردوە و لە کارکردن بۆی ناوەستین )، بەڵام ئەرکی سەر شانی ماڵباتی بارزانییە ئەو شەڕەی ئێستا ڕابگرن، ئەنجامەکانی کۆنگرەی ( ی ن ک )، دیفاکتۆیە .لاهوری شێخ جەنگی شانزەی ئۆکتۆبەری کردبێ یان نا، کردارەکانی کۆپییەکی تەڵخی دەسەڵاتدارێتی خۆتانە ، ئەو بە ناو هاوسەرۆکە و لە راستیدا، تا کۆنگرەی داهاتو سەرۆکی ڕاستەقینەی یەکێتیە، هەمو هەوڵێک بۆ تەسفیە و لە کارلابردنی، بەو شەڕەی پارتی پێی دەگێڕێ ڕاستەوخۆیا لە ڕێگەی کوڕەکانی مام یان دۆستەکانیتری خۆیەوە، ئەوەندەی تر ئاڵۆزی و ناسەقامگیری سیاسی و ئیداری و ئابوری هەرێمی سلێمانی تێک ئەدا، بڕواش ناکەم سودێکی بۆ خەڵکی هەولێر و دهۆک هەبێ، جگە لەو ئیرادە خێڵەکیەی ماوەیەکە ئەو شەڕە ئەگێڕێ ، پارتیەکانیش سودی لێنابینن .
خەڵکی کوردستان و دەڤەرە جیاجیاکانی، بۆ ئەوەی بیر لە ڕێگە چارەی دەربازبون لە قەیرانگەلی دروستکراوی پارتی و یەکێتی بکەنەوە، بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان وئەو خاکەی سەدەیەکە شەڕی بۆ دەکەن و نیوەی بە هۆی ئەوانەوە چارەنوس نادیارە، پێویستی بە ڕاگرتنی ئەو شەڕەیە، ڕاگرتنی حەملەی ڕاگەیەندنەکانی پارتی و ئۆرگانەکانی پەیوەست بە بارزانی کوڕ و باوکەوە کە بۆ شکاندنی سەرۆکی حیزبەکەی نەیار کەوتۆتە گەڕ، ڕاگرتنی ئەو سزایانەی ژێر بە ژێر بۆ فشاری ئیداری و ئابوری لە لایەن حکومەتەوە بە زیانی سلێمانی دەگیرێتە بەر، ڕاگرتنی هەوڵەکانی پارتی بۆ تەفرەقەی ناوخۆی یەکێتی و ناوخۆی حیزبەکانیتر لە دەڤەری سلێمانی لە ڕێگەی دۆستەکانی خۆیەوە، ڕاگرتنی ... هتد . هەمو ئەو ڕاگرتنانە پێویستی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسعود بارزانییە، بەردەوامیشی ئاماژەیە بۆ بەڵێن یان سوێندێکی خۆی کە تەعامول لەگەڵ لاهوری شێخ جەنگی نەکات.کەواتە ئەم قۆناغە پێویستی بە دیدارێکی ئەو دوانەیە، بۆ ئەوەی ئەوەش ڕوبدات، کەسێکمان ئەوێ کاک مەسعود لە قسەی دەرنەچێ و پەشیمانبونەوەشی لەسەر خۆی و بنەماڵەکەی نەکەوێ ، دروست لە هەمو کات زیاتر حەمائیل خانێکمان ئەوێ .

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group