زەیدی لەژوری چاودێری چڕ !

بەختیار شاوەیس

43 خولەک پێش ئێستا

سەد رۆژ بەسەر تەمەنی كابینەكەی عەلی زەیدی گوزەشت. سەد رۆژی پر لەناكۆكی سیاسی و تێكچنڕاوی دۆخی ئەمنی و بگرەو بەردەی گەندەڵكاران و جموجوڵی دیپلۆماسی بەچەشنێك كە سەرۆك وەزیرانە گەنجەكەی والێكرد كە بەتۆنی دەنگێكی ماندو و بێزارەوە لەمونتەدای هەشتەمی بەغداد بەئاشكرا لەبەرچاوی هەموان بڵێت: سەد رۆژ لەمەوبەر ئەگەر بمزانیایە ئەم كارەی وەرمگرتوە بەو شێوەیەیە قبوڵم نەدەكرد. هەروەك وتی: بەهیچ جۆرێك و لەژێر هیچ بارودۆخێك بیر لەویلایەتی دووەم ناكەمەوە.
ئەمێستا گەر بەچاوی ئینسافەوە لاپەرەی رووداوەكانی ئەو سەد رۆژە هەڵبدەینەوە، تێدەگەین كە بۆچی زەیدی بەوشێوەیە و لەماوە كورتەدا هێندە وەرس و بێزارە و بەوجۆرە پەشیمانە لەوەرگرتنی پۆستی بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی عیراق.
بێزاری و پەشیمانی سەرۆك وەزیران، ئاڵێنراوە بەكۆمەڵێك دۆسیە كەڕەگەكانی لەناوخۆی وڵاتەوە درێژ دەبێتەوە تادەگاتە جیهانە پر لەشەر و ململانێكەی دەرەوە.
-لەناوخۆدا : 
١- ململانێی سیاسی رێگەی نەداوە كابینەكەی تەواو بكات و هێشتا نۆ وەزارەت دەنگی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەست نەهێناوە. 
٢- حكومەت بەدەست قەیرانێكی فعلی دارایەوە دەناڵێنێت، بۆ یەكەم جارە حكومەتی عیراق ماوەی دوو مانگ لەسەر یەك موچەی فەرمانبەرانی دوادەكەوێت. 
٣- یەدەگی بانكی لەو ماوە كورتەدا 31.5 ملیار دۆلار داكشاوە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و بەبازارنەكردنی نەوتەكەی.
٤- حكومەتەكەی زەیدی شەرێكی گەورەی گەندەڵی بەرپاكردوە، كەئەمەش نەیار و دژەكانی زیاد كردوە و لەهەندێك شوێن و ناوەندەوە چەقۆی لێ ئەسوون بەو هۆكارەی كەپێیان وایە ئەم هەڵمەتی ریشەكێشكردنەی گەندەڵكاران رەهەندی سیاسی هەیە و دواجار پاكتاوی سیاسیە (ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی راستەوخۆ بەزەیدیان راگەیاندوە كە لەگەڵ شێوازی گرتنی تۆمەتباران نین)
٥- سەرباری هەموو ئەمانە حكومەتی زەیدی بەدیاركردنی كۆتایی ئەیلول وەك وادەی كۆنترۆڵكردنی چەك لەدەستی دەوڵەت، خۆی خستوەتە ناو مەوقیفێكی شەرمەزار كەرەوە كەناتوانێت چۆن راستی بكاتەوە. هەر بۆیە بەپەلەپروزێ وتەبێژی حكومەت حەیدەر عەبودی رایگەیاند: كۆتایی ئەیلول وادەی دەستپێكردنی (نەك كۆتایی) رادەستكردنی چەكی گروپە چەكدارەكانە. (ئەڵبەت ئەمە دوای سەردانە سەركەوتوەكەی قاڵیباف بۆ عیراق) و لەدوای ئازادكردنی بەرپرسی هەواڵگری حەشدی شەعبی و گروپی نوجەبا عەباس یەعقوبی، كە گرتنەكەی و بەپەلە ئازادكردنەكەی لێدانێكی كارگەر بوو لەشكۆی حكومەت و دژەتیرۆری عیراق. چونكە دەركەوت كە لەژێر هەرەشە و گوشاری میلیشیاكان ناچارانە بریاری ئازادبوونەكەی دراوە.
-لەدەرەوە:
حكومەتی زەیدی لەقوڵایی ژانی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئیران لەدایك بوو. هەر خۆی تویتەكەی ترەمپ بۆ لادانی مالكی لەكاندیدبونەكەی سەرەتای ئەو وێنە تەڵخەی روونكردەوە كە زەیدی ئەگەر بەموبارەكەی تۆم باراك و بە پشتیوانی پیاوی دەوڵەتی قوڵ (فایەق زەیدان) بازەكەی بەسەرشان نیشتبێتەوە، ئەوا هیچ لەو حەقیقەتە پراگماتكیە ناگۆری كە ئاسەواری ئەم ژانی لەدایك بوونە بەبەردەوامی جەنگی سەربازی و ئابووری نێوان واشنتن و تاران بەردەوام دەبێت. هەر بۆیە سەردانە دیپلۆماسیەكانی سەرۆك وەزیران بۆ توركیا و ئیران و هەوڵدان بۆ دەرچەی دیكە لەفرۆشتنی نەوت وەك رێكەوتنی یەك ملیۆنی هەناردەی نەوت لەگەڵ ئەردۆگان نەیتوانیوە پارسەنگی ئەوە بداتەوە كەعیراق لەنێوان بەرداشی ئەمریكاو ئیران دەهاررێ. (دەبێ لەقاڵیباف بپارێتەوە بۆ لێخۆشبوونی تێپەرینی كەشتیەكانی هەڵگری نەوتی عیراق بەهورمزدا و لەترەمپیش شەفاعەت بكات بۆ ئەوەی پارەكانی لەئەمریكاوە بۆ بنێرێت ) هەروەك لێدانی مۆڵگەكانی حەشد لەلایەن سعودیە و ئەمریكیەكان لەچەند رۆژی رابردوو ئاستی سەرئێشەكانی عەلی زەیدی لەئاستە دەرەكیەكەدا گەورەتر كرد و سەردانەكەیشی بۆ ریاز پێ هەڵوەشاندەوە.
سەرەرای هەموو ئەمانە، خاڵی ئیجابی لەتەمەنی زەیدی لەو سەردانە دیپلۆماسیانە دەبینرێت كە خۆی و زەیدان بۆ ئەمریكا و ئیران و توركیا و سوریا ئەنجامیانداوە و بەشێوەیەكی رێژەیەیی كۆمەكی رووبەرووبونەوەی كۆی ئاستەنگەكانیان كردوە، ئەگەر نا وەك زۆرێك لەچاودێران پێیان وایە لەئێستادا زەیدی لەژووری چاودێری چر( انعاش ) دایە و لەدوای 30ی ئەیلول دەزانین كەبە سەلامەتی یان بەمەرگ دێتە دەرەوە.

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.




شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group